زێڕ لە فڕینەکانی پێشووی دەکەوێت
دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بەرزی و نزمی بە نرخی زێڕ و نەوت دەکات
ژووری هەواڵ
ئەم ماوەیە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و چاوەڕوانییەکان بۆ ئەنجامی گفتوگۆکانیان وایکردوە نرخی زێڕ و نەوت جێگیر نەبێت و رۆژانە بەرزی و نزمی بەخۆوە ببینێت.
ئێستا کە دەنگۆی کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەم دوو لایەنە لە دەوحە هەیە، بەڵام ئامادەنەبوونی ئێران بۆ کۆبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، نرخی نەوتی بەرزکردووەتەوە، بەجۆرێک نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکور 33 سەنت تاوەکو 0.45% بەرزبووەتەوە و گەیشتنە 73.28 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش 34 سەنت تاوەکو 0.49% بەرزبووەوە و گەیشتە 69.84 دۆلار.
سەبارەت بە نرخی زێڕیش، ئەمڕۆ چوارشەممە وەکو چەند رۆژی رابردوو بەردەوام بوو لە دابەزینەکانی، هۆکاریش بەرزبوونەوەی سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی گەنجینەی ئەمریکا و نیگەرانییەکان لەسەر ئەگەری شکستهێنانی رێکەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکا و ئێران گوشارەکانیان بۆ نرخی زێڕ زیاد کردووە.
نرخی زێڕ ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێژەی 0.7% دابەزی و گەیشتە 3,979 دۆلار. رۆژی رابردوو نرخی ئۆنسەیەک زێڕ دابەزی بۆ 3,942 دۆلار کە کەمترین ئاستی حەوت مانگی رابردوو بوو.