دۆخی سلێمانی باشە

کەشناسی سلێمانی: لە تەوێڵە و بیارە یەک ملیم باران نەباریوە


ئەحمەد مستەفا

بەوتەی بەڕێوبەری کەشناسی سلێمانی بێت، دۆخی باران بارین لە ناوەندی سلێمانی لە 24 کاتژمێری رابردوودا، بەراورد بە پارساڵ باشترە و 15 ملیم باران زیاتر باریوە، بەڵام لە تەوێڵە و بیارە هیچ بڕێک نەباریوە.

بەگوێرەی داتای تۆمارکراوی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی پارێزگای سلێمانی بێت، ساڵی رابردوو تا 15.11.2022 لە ناوەندی شاری سلێمانی تەنیا 24.8 ملیم باران باری بوو، ئەمساڵ تا هەمان رێککەوت 39.8 ملیم باران باریوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 15.11.2023 ئاسۆ کەمال، بەڕێوبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە 964ی وت، “دەستپێکێکی باش و دڵخۆشکەرە بۆ ئەمساڵی دابارین، ناتوانین پێشبینی بۆ کەشی ئەمساڵ بکەین، بەڵام ئومێدەکان زۆرن کەشێکی باراناوی ناوچە جیاوازەکان بگرێتەوە”.

بەوتەی بەڕێوبەری کەشناسی پارێزگای سلێمانی بێت، تەنیا لە 24 کاتژمێر رابردوودا لە کفری 29 ملیم باران باریوە، لە چوارتا 14.5 ملیم، لە سەنگاو 13.5ملیم باران باریوە، ئەوەشی وت، “لە تەوێڵە و بیارە، لەو ماوەیەدا هیچ بڕە بارانێک نەباریوە”.