10 هەزار بیری نایاسایی لێدراون

لە پێنجوێن 35 کەس لەسەر بیرلێدان دەستگیر کراون

964+

کامیار کەمال ــ پێنجوێن

لە پێنجوێن و لە ماوەی ئەمساڵدا 35 کەس لەسەر بیرلێدان دەستگیر کراون و دەستیش بەسەر 28 ئامێری بیرهەڵکەندندا گیراوە، ئەوە ئاماری پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای پێنجوێنە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی 964 لەو بەڕێوەبەرایەتییەوە دەستیکەوتووە، لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا پێنج کەس دەستگیر کراون و چوار ئامێری بیرهەڵکەندنیش دەستیان بەسەردا گیراوە.

سەرچاوەیەک لە پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزای پێنجوێن، کە بەهۆی قەدەغەکردنی لێدوانەوە لێیان نەیویست ناوی بهێندرێت، بە 964ـی وت، “بەشێکی زۆری ئەو ئامێرانەی دەستیان بەسەردا گیراوە ئامێری بیرلێدانی سورین و بەشێکی زۆری تۆمەتبارانیش هەر خەڵکی سوریان”.

دەشڵێت،  ئامێرەکان لەسەر سکاڵای بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ژێرزەوی سلێمانی بە پێی مادەی 240 دەستگیر دەکرێن و دەدرێنە دادگا و سزاکەشیان پێبژاردن یاخود زیندانیکردن دەبێت.

بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە سنووری قەزای پێنجوێن 10 هەزار بیری نایاسایی لێدراون.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد