جەنگی غەزە هێرشەکانی زیاد کردوون
مقاوەمەی ئیسلامی” ناوێک کە تۆمەتی سەر گرووپە چەکدارەکانی نادڵنیا کردووە”
964+
ئەحمەد مستەفا
دەیانەوێت هەموویان پێکەوە هێرش بکەن و کەس نەزانێ کامیان بووە، بەمە هەم یەکڕیزی دەپارێزن وە پەنجەی تۆمەت ناچێتە سەر تاکە گرووپێکیان، بۆیە چەناڵێکی تەلەگرام بەس بوو، تا لە ئۆکتۆبەری 2023 و بەرپابوونی جەنگی غەزە لە ژێر ناوی “المقاومة الإسلامية في العراق” دەربکەون.
“بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق”، وەک چەترێکە کە سەرجەم گرووپە چەکدارە شیعییەکان تێیدا کۆبوونەتەوە، ئەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە لەلایەن هەموو “میلیشیاکان”ی سەر بە ئێران لە عێراق و سوریا دژ بە هێزە ئەمریکییەکان ئەنجامدراون، ئەوە قسەی پەیمانگەی ئەمریکییە بۆ رۆژهەڵاتی نزیک کاتێک وەسفی مقاوەمەی ئیسلامی دەکات.
جوڵەکانی مقاوەمە
لەوەتەی جەنگی غەزە سەریهەڵداوە، نزیکەی 50 جار لە سوریا و عێراق هێرش بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ئەنجامدراوە، هەرچی ئەمریکایە ئێران تۆمەتبار دەکات و ئەو وڵاتەش رەتیدەکاتەوە، لە کاتێکدا دەستپێکی هێرشەکان پاش پشتگیری ئەمریکایە بۆ ئیسرائیل لە جەنگی غەزە دژ بە حەماس.
"20 رۆژ دەبێت بنکەی هەریر چۆڵکراوە"
رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2023، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیای ئەمریکی راگەیاند، لە 17ـی تشرینی یەکەمەوە 38 جار لە عێراق و سوریا هێرشکراوەتە سەر هێزەکانیان، بەهۆیانەوە لانیکەم 45 سەرباز و کارمەندیان “بە سووکی” بریندار بوون.
ئێران لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان رەتیکردووەتەوە، دەستیان لە هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریادا هەبێت، لە کاتێکدا ئەمریکا ئێران بەوە تۆمەتبار دەکات، پشتگیری هەندێک میلیشیای شیعە لە ناوچەکە دەکات، کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان.
ناوێک پەرێزیان پاک دەهێڵێتەوە
گرووپە چەکدارەکان لە مقاوەمەی ئیسلامی، ژمارەیەک ئامانج دەپێکن، لەوانە رێگەدان بە میلیشیا جۆراوجۆرەکانی “بەرخۆدان”ی عێراق بۆ ئەوەی لە ژێر یەک چەتردا هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا، لەوانەیە میلیشیاکان بزانن دەستنیشاننەکردنی ئەو گرووپانەی بەرپرسیارن لە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا، بە سوود بۆیان بشکێتەوە.
بەکارهێنانی ناونانی گشتی بەبێ لۆگۆ، رەنگە درێژکراوەی کۆتایی “ستراتیژی بەرە” بێت، کە ئێران و بریکارەکانی لە ساڵی 2019-ەوە بۆ دوورکەوتنەوە لە لێپرسینەوە لە هێرشکردنە سەر ئەمریکییەکان پەیڕەوی لێدەکەن.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا: کەسێکمان لە هەولێر بریندار بووە
زۆرجار ناوی میلیشیاکانی وەک (کەتائیبی سەید ئەلشوهادا، بزووتنەوەی نوجەبا، حزبوڵای عێراق و لیواکانی خوراسانی) هەروەها (عەسائیبی ئەهلی حەق و رێکخراوی بەدر)، لە راپۆرتە میدیاییەکاندا و بەرپرسیاری هێرشەکنی سەر پێگەکانی ئەمریکا و بە لایەنگری ئێران باس دەکرێت.
پەیمانگە ئەمریککەی دەڵێت، نیشاندانی یەکڕیزی لە پشت ئەو هێرشانەی کە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە کاتی ململانێی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەنجامدران، بەتایبەتی “وەڵامدانەوەی بانگەوازەکە” وەک یەک هێز، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە هێزی قودسی سوپای پاسداران بریکارە جیاوازەکانی خۆی لە “بەرخۆدان”ی عێراقدا کۆدەکاتەوە.
ژمارەیەک لە هێرشە ئەنجامدراوەکانیان:
17ی تشرینی یەکەمی 2023: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە رۆژئاوای عێراق.
17ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەی ئاسمانی هەریر لە کوردستانی عێراق، گرووپی “تاشکیل الوارثین” سەرەتا بەرپرسیارێتی ئەم هێرشەیان لە ئەستۆ گرت و دوای ماوەیەکی کەم، گرووپی “بەرخۆدانی ئیسلامی” ڕاگەیاندنێکی جیاوازیان دەرکرد و ڕاگەیاندنی “میراتگران” لەبەر رێزگرتن لەوان سڕایەوە. لەم هێرشەدا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K کەڵک وەرگیراوە.
19ی تشرینی یەکەمی 2023: دوو سێ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردە سەر سەربازگەی ئەلتەنف لە سوریا.
19ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە کێڵگەی گازی سروشتی کۆنۆکۆ لە سوریا.
19ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشێکی مووشەکی کە بۆ سەر “بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد” لە ڕۆژئاوای عێراق ئەنجامدرا، بە بەکارهێنانی مووشەکی “گراد”ی 122 ملم پووچەڵکرایەوە.
21ی تشرینی یەکەمی 2023: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانی هەریر لە کوردستانی عێراق.
21ی تشرینی یەکەمی 2023: دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K هێرشیان کردە سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق.
22ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق بە بەکارهێنانی مووشەکی 122 ملم گراد.
23ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K بۆ سەر پادگانی ئەلتەنف لە سوریا.
23ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K بۆ سەر ئەلروکبان لە نزیک پادگانی ئەلتەنف لە سوریا.
23ی تشرینی یەکەمی 2023: هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی قاسف-2K لە ئەلحەسەکە لە سوریا.