وێنەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە و سیمبوڵی ناساندنی پارێزگاکە - وێنە: ئەرشیفی 964
بۆ راکێشانی گەشتیارە
گەشتوگوزاری هەڵەبجە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری پێشنیار دەکات
پێشەوا محەمەد
بە مەبەستی راکێشانی زیاتری گەشتیار بۆ پارێزگاکە، گەشتوگوزاری هەڵەبجە ژمارەیەک پڕۆژە پێشنیار دەکات و ئاراستەی کۆنفڕانسی وەبەرهێنانی دەکات، کە بڕیارە ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.
دروستکردنی بازاڕی هاوچەرخ، کردنەوەی هۆتێل و مۆتێل، پڕۆژەی تەلەفریک و چالاکییە گەشتیارییەکان، دروستکردنی رێست ئێریا، شاری یاریی مۆدێرن، بە گەشتیاریکردنی قەراغ دەریاچەی سیروان و سەوزکردن و دروستکردنـــی کەپری مۆدێرن لە پرۆژە پێشنیارکراوەکانی گەشتوگوزاری هەڵەبجەن.
“پارێزگای هەڵەبجە ناوچەیەکی تەواو گەشتیارییە، ئەگەر لەگەڵ سروشتی ناوچەکە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا بکرێت ئەوا دەبێتە یەکەمین پارێزگاکان بۆ سەردانی گەشتیار”، ئەوە قسەی چیا قاسم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری هەڵەبجەیە بۆ 964.
دەشڵێت، سروشت و هەڵکەوتەی هەڵەبجە وای کردووە لەگەڵ ئەوەی کەمترین پرۆژەی گەشتیاری لێبێت، بەڵام ناوچەیەکە بۆ گەشتیار سەرنجڕاکێشە و “هیوادارین هانی وەبەرهێنەران بدرێت پڕۆژە گەشتیارییەکانیان بێننە هەڵەبجە”.
تەنیا لە ماوەی سێ رۆژی فێستیڤاڵی پاییز و هەناری هەڵەبجەدا کە هەفتەی پێشوو بەڕێوەچوو، زیاتر لە 270 هەزار گەشتیار چووبوونە هەڵەبجە.