تۆمار کراون
نزیکەی دوو هەزار خاوەن پێداویستی تایبەت بێ موچەن
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دوو هەزار و 788 کەس بە خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون و ئێستا موچەی خۆیان وەردەگرن.
بەڵام نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکە وەک خاوەن پێداویستی تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی ئاکرێ تۆمارکراون و هیچ موچەیان پێنەدراوە.
غازی محەمەد تاهیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی چاودێری و گەشەپێدانی ئاکرێ بە 964ی وت، لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش تەنیا یەک بەڕێوەبەرایەتیمان هەیە، کە لە قەزای ئاکرێ دانراوە و هەموو ئەو هاوڵاتیانەی خاوەن پیداویستی تایبەتن، لای ئێمە تۆمار دەکرێن، تا ئیستا لە سنووری هەردوو قەزا “دوو هەزار و 788 کەس” موچەی کەمئەندامی وەردەگرن.
وتیشی، موچەکانیان لە چوار بانک لە سنووری هەردوو قەزاکە وەردەگرن، لە ئاکرێ و بەردەڕەش و ناحیەی دینارتە، هەروەها لە ساڵی 2013 تا ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەسی دیکە وەک خاوەن پێداویستی تایبەت تۆمارکراون و تا ئیستا هیچ موچەیان پێنەدراوە.
هۆکاری پێنەدانی موچە بە بەشێک لەو کەسانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن ئەوەیە، “هەرێمی کوردستان کەوتە ژێر قەیرانێکی سەختی دارایی و دواتر شەڕی داعش، بۆیە تا ئیستا هەموو کارەکانیان تەواو کراون و تەنیا ماوە لە وەزارەتی دارایی رەزامەندیان بۆ بدرێت و موچەیان پێبدرێت”.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر