داوا دەکەن دەنگیان بگات

لۆگۆی تاکسی گرفتی بۆ کڕین و فرۆشتنەکەی دروست کردووە

964+
ژووری هەواڵ

بە وتەی ژمارەیەک شۆفێر بێت، لۆگۆی تاکسی گرفتی بۆ کاتی کڕین و فرۆشتن و بەناوکردنەوە دروست کردووە، کە لە دیوی دەرەوەی ئۆتۆمبیلەکانیان دراوە، گواستنەوەی سلێمانی دەڵێت، ئامانجی لۆگۆکە ئەوەیە خاوەن تەكسییەكان ناسراوبن، سەندیکای شۆفێرانیش دەڵێت با سەردانمان بکەن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، کاری تاکسییەکان رێکدەخاتەوە و لە 1.1.202 بڕیاردرا لۆگۆ لە تاکسییەکان بدرێت، لە هەرێمی کوردستان 82 هەزار تاکسی هەن، تا ئێستا 21 هەزاریان لۆگۆیان لێدراوە، لە هەولێر 14 هەزار و دهۆک 4 هەزار، سلێمانی 3 هەزار.

كارزان محەمەد، كڕیاری تاكسییە و بۆ 964 وتی، ئەم لۆگۆیە كێشەی بۆ كڕیارانی تاكسی دروستكردوە، كاتێك فرۆشیار ئۆتۆمبێلەكەی دەفرۆشێت، لۆگۆكەی خۆی نادات بە كڕیار، دەبێت كڕیار لۆگۆی خۆی هەبێت، ئەمەش ئاستەنگی بۆ كڕین و فرۆشتن دروستكردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کارەکانی تاكسی، بووە بە دووجار بەناوكردن، بۆ ساڵانەكە و لۆگۆكەش بەهەمان شێوە، داواكارین لە رێگەی ئێوەوە دەنگمان بگاتە سەندیكای شۆفێران و چارەسەرێكمان بۆ بدۆزنەوە.

هێشتا بە سەدان تاکسی سوور و سپی لە سلێمانی ماون

هێشتا بە سەدان تاکسی سوور و سپی لە سلێمانی ماون

کارزان محەمەد بەتەنیا نەبوو، بەڵکو مەلا یاسین فرۆشیاری تاكسی بە 964ی وت، ئەو لۆگۆیە بۆیاغی ئۆتۆمبێلەكانیانی تێكداوە و دوای ساڵێك لێنەكرێتەوە بۆیاغی ئۆتۆمبێلەكە لۆگۆكە تێکەڵ بە خۆی دەکات، باشتر بوو لۆگۆیەكی بچوك بوایە بە جامی ئۆتۆمبێلەكەوە ئەوكات خاوەن تاكسییەكان تووشی زیان نەدەبوون.

هەروەک وتیشی، ئێستا وایلێهاتوە بەناوكردنی “ساڵیانە” ئاسانترە لە بە ناوكردنی لۆگۆ، سەندیكا داوا دەكات خاوەن لۆگۆ ئامادەبێت لە كاتێكدا ئەو كەسە لێرە ناژیت و سەفەری دەرەوەی وڵاتی كردووە، ئەمەش ئەرك و بارگرانی بۆ كڕیاری تاكسی دروستدەكات.

لەبارەی داواكاری ئەو شۆفێرانە، ئازاد ئەحمەد سەرۆكی سەندیكای شۆفێران لە سلێمانی بە 964 ی وت، با ئەو شۆفێرانە بێنە سەندیكا داواكاری پێشكەش بكەن، ئێمەش پشتیوانیان دەبین و بەرزی دەكەینەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ و بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمانی.

دەربارەی بەکارهێنانەوەی لۆگۆکان، وتی، شۆفێران دەتوانن پارێزگاری لە لۆگۆكانی خۆیان بكەن و جارێكی دیکە بۆ ئۆتۆمبێلەكانی خۆیان بەكاریبهێننەوە.

لەلایەکی دیکە، سدیق محەمەد، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964 ی راگەیاند، ئامانجی ئەوان لە پرۆسەی لۆگۆ و بەردەوامی هەنگاوەکانیان بەو ئاراستەیە، بۆ ئەوەیە خاوەن تاكسییەكان ناسراوبن لایان، بزانن ناونیشانیان كوێیە و بە پشکنینی بەڵگە و تاوان تێپەڕیوون.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا