هێڵی گواستنەوەی پاسی نییە
بارگرانییەکی دیکە بەسەر شانی دوکانەوە
964+
ژووری هەواڵ- دوکان
نەبوونی هێڵ پاسی گواستنەوە لە قەزای دوکان بووەتە کێشەیەکی رۆژانەی دانیشتوانەکەی و بارگرانییەکی دیکەی ئابووری بۆ سەرشان و گیرفانی خەڵکەکەی زیاد کردووە .
لێپرسراوی نووسینگەی گواستنەوەی دوکانیش دەڵێت ،هیچ خاوەن پاسێک داواکاری پێشکەش نەکردووە بۆ کارکردن لە نێوان گەڕەکەکانی ناوەندی قەزاکە
لە بەدواداچوونێکی مەیدانی 964 دا
یەعقوب ئیسماعیل دانیشتووی قەزاکە بە 964 ی وت: دابینکردنی پاس لە نێوان گەڕەکەکان بە پێویستیەکی گرنگ دەزانم، بۆ ئەوەی لە کاتی پێویستدا هاتوچۆی پێبکەین بۆ جێبەجێکردنی کاروباری رۆژانەمان.
مستەفا ئەحمەد دانیشتوویەکی دیکەی قەزاکەیە و بە 964ی راگەیاند: “بەهۆی نەبوونی پاس لە نێوان گەڕەکەکاندا لە کاتی پێویستدا دەبێت ئۆتۆمبێلی تایبەت بەکرێ بگرین، کە ئەمەش لە رووی ئابوورییەوە بارگرانی خستووەتە سەرشانی هاوڵاتیان.
لە بارەی داواکاریی هەوڵاتیان تایبەت بەو پرسە
ئەحمەد محەمەد لێپرسراوی نووسینگەی گواستنەوەی دوکان بە 964 یی راگەیاند: تا ئێستا هیچ خاوەن پاسێک داواکاری پێشکەش نەکردووە بۆ کارکردن لە نێوان گەڕەکەکانی ناوەندی قەزاکە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیان.
ئاماژەی بەوەش دا هەر خاوەن پاسێک داواکاری پێشکەش بکات، ئەوا بە هاوکاری قایمقامیەتی دوکان کارئاسانی بۆ دەکەین بۆ جێبەجێکردنی کاروباری وەرگرتنی مۆڵەتی هێڵی گواستنەوەی ناوخۆیی.
بە پێی ئامارێکی هۆبەی ئاماری دوکان دانیشتووانی ناوەندی قەزای دوکان لە پازدە هەزار کەس زیاترە.
پێداچوونەوەی شوان عباس بەدری