ئەوانیش گردبوونەوە
پێشمەرگەکانی لیوای 20 داوای موچە و دەوام دەکەن
+964
شیراز عەبدوڵا ـ هەولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە دەیان پێشمەرگەی لیوای 20ـی هاوبەش، لە بەردەم وەزارەتی پێشمەرگە گردبوونەوە، داوادەکەن بچن لەو ناوچانەی پێویستە، دەوام بکەن و موچەیان پێدربێت .
هێدی محهمەد، پێشمەرگە لە لیوای 20ـی هاوبەش بە 964ـی وت، “دوو ساڵە دامەزراون لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە، بڕیارە لەگەڵ لیوای 66 سوپای عێراق تێکەڵ بکرێن، بۆ چاودێریکردنی ناوچەکانی سنووری مادەی 140 بە مەبەستی پڕکردنەوەی ئەو شوێنانەی بۆشاییی ئەمنی هەیە.
ئەو پێشمەرگانەی گرد بوونهوه، ئهوهشیان وت، پێشتر نزیکەی 15 جار لە (کەرکوک، خانەقین، هەولێر و دوزخورماتوو) گردبوونەتهوه، بهڵام کەس وهڵامی نەداونەتەوە.
لە کاتی گردبوونەوەكهدا بەشێک لە بەرپڕسانی وەزارەتی پێشمەرگە هاتنە ناو گردبوونەوەکە، عەقید کەمال رەشید، بەرپرسی ئینزیبات لە وەزارەتی پێشمەرگە، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵیان، داوای کرد چەند کەسێکیان بە نوێنەرایەتیی ئەوانیتر بێنە ژوورەوە، تا گوێ لە داواکارییەکانیان بگیرێت .
پێشمەرگەکانی لیوای 20، ژمارەیان سێ هەزار و 777 کەسە، لە ساڵی 2021 لە سەر یەکەكانی 70 و 80 لە ناوچەکانی ئەتروش، بنەسڵاوە، دۆڵەبەفرە و کانی گۆمە بۆ ماوەی مانگێک راهینانی سەربازییان کردووە، بهڵام وهك خۆیان دەڵێن، تا ئێستا هیچ موچەیهکیان وەرنەگرتووە .
پێداچوونهوه: ئهرسهلان عهبدوڵا