دیمەنێک لە گوندی عازەبان.وێنە. ناسیح عەلی خەیات.
هێندەی نەماوە دەستپێدەکات
بۆ ئەم زستانە عازەبان فریای قیر کەوت
964+
توانا نەقی
دوای ماوەیەکی زۆر بڕیار لەسەر قیرتاوکردنی گوندی عازەبان لە سنووری دەربەندیخان دراو و بە درێژایی زیاتر لە کیلۆمەترێک رێگاکە قیرتاو دەکرێت.
وەزارەتی دارایی رەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی پارە بە پێی ئەو دەرخستەیەی کە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئامادەی کردووە.
گوژمەی پرۆژەکە 131 ملیۆن دینار 709 هەزار دینارە، درێژی رێگاکەش یەک کیلۆمەتر و 100 مەترە.
جگە لەوەش چەندین پرۆژە و چاکسازیکردنی لە رێگاکانی تری دەربەندیخان بەردەوامە، ئەمەش بەقسەی ئیدارەی ئەو شارە.
سلێمان محەمەد قایمقامی دەربەندیخان بە 964ـی وت، پرۆژەکە تەنیا دەستپێکردنی ماوە کە بەمنزیکانە دەستپێدەکەن و ماوەی ساڵێکە ئەو داواکارییەیان کردووە.
وتیشی، لە سەر شەقامی سەرەکی دەربەندیخان بۆ سلێمانی هەتا ناوەڕاستی گوندی عازەبان قیر دەکرێت.
قایمقامی دەربەندیخان لەسەر ئەو پرۆژانەشی کە رێگاوبانن و کاری تیادا دەکرێت ئاماژەی بەوە کرد قۆناغی یەکەمی چاکسازی لە رێگای زەڕایەن – دەربەندیخان بە گوژمەی 80 ملیۆن دینار و قۆناغی دووەم بە 79 ملیۆن دینار بەردەوامە.
هەروەها قیرتاو کردن و چاککردنی رێگای گوندی سەلیم پیرک کە ئێستا بووە بە گەڕەکێک لە قەزای دەربەندیخان بەردەوامە لەگەڵ چاککردنی رێگای بارهەڵگرەکان بە گوژمەی 390 ملیۆن دینار.
گوندی عازەبان دەکەوێتە سنوری قەزای دەربەندیخان و لە باشووریەوە بەنداوی دەربەندیخانە.