ئایا لە كوردستان پێشێلكاری بەرامبەر پێكهاتەكان دەكرێت ؟

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

وەزیری پێكهاتەكان له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دەڵێت، دۆخی پێكهاتەكان لە كوردستان زۆر باشە و نوێنەری جووەكانیش دەڵێت، هەموو پێكهاتەكان مافیان هەیە، ئێمە نەبین.

ئایدن مەعروف، وەزیری كاروباری پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان بە 964+ـی راگەیاند، “هەموو پێكهاتەكان لە كوردستان مافی سیاسی و كۆمەڵایەتی خۆیان هەیە، هیچ لایەنێك پشتگوێ نەخراوە، هەمووان بە یەكسانی بە ماف و داخوازییەكانی خۆیان گەیشتوون.

بە قسەی ئایدن مەعروف، لە ساڵی رابردوودا هیچ پێشێلكارییەك لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر پێكهاتەكان تۆمار نەكراوە.

 

ئایدن مەعروف، وەزیری پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان

لە هەرێمی كوردستان حه‌وت ئایین و پێكهاتەی جیاواز بە فەرمیی تۆمار كراون، كه‌ بریتیین لە “موسڵمان، ئێزدی، كاكەیی، جوو، مەسیحی، زەردەشتی، سابئه‌ی مه‌ندائی”.

رەنج كۆهین، نوێنەری جووەكان لە هەرێمی كوردستان قسەی بۆ 964+ كرد و دەڵێت، “ئەوەی لە كوردستان هەیە كلتوری كوردییە، رێز لە پێكهاتەكان دەگرێت، ئەگەرنا ئێمه‌ هیچ مافێكمان نییە”.

“ئێزدی و مەسیحی و موسوڵمانەكان دەتوانن هەموو چالاكییە ئایینی و كۆمەڵایەتییەكانیان ئەنجام بدەن، بەڵام ئێمە ناتوانین هیچ شوێنێكی تایبەتمان هەبێت و هیچ جۆرە چالاكییەكیش بكەین”، رەنج كۆهین وای وت.

كۆهین ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، هەموو پێكهاتەكان بودجەی تایبەتیان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی هەیە، تەنیا جووەكان هیچیان نییە و نوێنەرەكانیان دەبێت خۆبەخشانە كاربكەن.

رەنج كۆهین، نوێنەری جوەكان لە هەرێمی كوردستان

لە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٢ دا مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشتیوانی لە هەموو پێكهاتەكان دەكەن و رێگە نادەن هیچ پێشێلكارییەكیش بەرامبەر بە پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكان بكرێت.