هۆکارەکەی چییە؟
لە گوندێکی بەردەڕەش خەڵک سکاڵایان لە مامۆستایەکی ئاینی کردووە
964+
زەید کۆچەر – دهۆک
خەڵکی گوندی ئیسماوا لە بەردەڕەش لای ئەوقاف سکاڵایان لە مامۆستای ئاینی و مجێوری مزگەوتی گوندەکەیان کردووە و داوایان کردووە وتنەوەی دەرسی قورئان لەم وەرزە رابگرێت، ئەوقافیش خواستی خەڵکەکەی بەدیهێناوە.
هاوڵاتیەکی دانیشتووی گوندی ئیسماوا کە نەیویست ناوی بنوسرێت دەڵێت، “راستە ئێمە سکاڵامان گەیاندووەتە ئەوقاف، بەڵام نازانین هۆکاری داخستنەکە تەنیا پەیوەندی بەو داوایەی ئێمە هەیە یان هۆکاری دیکەش هەیە”.
ئەیاد ولی، مامۆستای ئاینی مزگەوتی ئیسماوایە، بۆ 964 وتی، “ئەو قوتابیانەی وانەی قورئانیان وەردەگرت تەمەنیان لەنێوان 10 بۆ 12 ساڵان بوون، ئەوقاف پێی وتوین وتنەوەی دەرسی قورئان رابگرین و نازانین هۆکارەکەی چییە”.
مودەسر شێخ رەزا بەرزنجی، بەڕێوبەری ئەوقافی بەردەڕەش بە 964ی وت، “لەبەر دوو هۆکار ئەو بڕیارەمانداوە، خەڵکی گوندەکە سکاڵایان کردووە بەبیابوی خوێندنەوە 24 کاتژمێر دەرگای مزگەوت کراوەیە”.
بەوتەی بەڕێوبەری ئەوقافی بەردەڕەش هۆکارێکی دیکە ئەوەیە، “ئێستا وەرزی خوێندنی قوتابخانەیە و مۆڵەتی ئەوقاف بۆ کردنەوەی خولی قورئان تەنیا هاوینانە، خەڵک سکاڵایان کردووە ناکرێت بەردەوام بێت، چونکە کاریگەری لە خوێندنی قوتابخانەی منداڵەکانیان دەکات”.
بەپێی بڕیاری ئەوقافی بەردەڕەش دوای ئەنجامدانی نوێژەکان دەبێت دەرگای مزگەوتی گوندی ئیسماوا داخراو بێت.