کۆمپانیایەکی ئیتاڵی ناوەکان فلتەر دەکات
چەند کۆمپانیا و کارگە لینکی پرۆژەی گەشانەوەیان پڕ کردووەتەوە؟
964+
فەهمی نەبی
دوێنێ شەو لینکی پڕۆژەی گەشانەوە کۆتایی هات و بەپێی زانیاریەکان 130 کارگە، کۆمپانیا و کاری کشتوکاڵی لینکی پڕۆژەکەیان پڕکردوەتەوە و کۆمپانیایەکی ئیتاڵی فلتەری ناوەکان دەکات.
ئەو ژمارەیە هی هەر چوار پارێزگای هەرێمی کوردستانە، زۆربەی ئەوانەی لینکەکەیان پڕکردوەتەوە ئەوانەن خاوەنکارن و گەنجن، ئەمە وتەی بەرپرسێکی ئاگاداری پڕۆژەکەیە.
کۆژان یاسین تیم لید لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ 964 وتی، ئەوانەی لەگەرمیان لینکەکەیان پڕکردوەتەوە زۆربەیان پڕۆژەی کشتوکاڵین، ئەوانەی سلێمانی بەهەمان شێوە پڕۆژەی کشتوکاڵی و کارگەکان داواکاریان پێشکەشکردووە، ئەوانەی پارێزگای هەولێر کۆمپانیا و کارگەکانن.
پڕۆژەی گەشانەوە لە 25.9.2023 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە راگەیەندرا و ھەرکەسێک کە خاوەن کۆمپانیای بچووک و مامناوەند یاخود پڕۆژەی کشتوکاڵی بێت، لەکاتژمێر 12:00ی 22.10.2023 لینکەکە داخرا، ئەو کەسەی داواکارییەکانیان پێشکەشکردووە لە پڕۆژەی گەشانەوە بە بڕی 20 بۆ 150 ملیۆن دینار قەرز وەرگرن بۆ فراوانکردنی کارەکەی.
کۆژان یاسین ئەوەش دەڵێت، پرۆسەی فلتەرکردنی داواکارییەکان لەلایەن کۆمپانیای Top Mountainی ئیتاڵی ئەنجامدەدرێت، مەرج نییە هەموو ئەوانەی داواکاریان پێشکەشکردووە پارەکە وەربگرن، ئەو کۆمپانیا و کارگە و شوێنانە پارەکە وەردەگرن کە توانای داراییان بەهێزە و توانای دانەوەی قەرزەکەیان هەیە.
ئەوەشی وت، کۆمپانیا هەیە ساڵانە داهاتەکەی بای 60 ملیۆنە و داوای قەرزێکی 150 ملیۆنی کردووە، ئەو کارگەیە ناتوانێت ئەو پارەیە بداتەوە حکومەت، سەرەتا ئەو کارگە و کۆمپانیایانەی توانای مادیان بەهێزە ئەوان قەرزەکە وەردەگرن، دواتر ئەوانەی تواناکانیان دیاریکراوە بەگوێرەی تواناکانیان قەرزیان پێدەدرێت.
بە پێی رێنماییەکان، ئەو کۆمپانیایانەی کە دەتوانن سوودمەندبن لە وەرگرتنی ئەو قەرزە، دەبێت ژمارەی کارمەندەکانی کەمتر بێت لە 100 کەس، ھەروەھا دەبێت ئەزموونی ساڵێکی ھەبێت لەو بوارەدا و بزنسەکەشی تۆمار کرابێت. هەروەها ئەو کەسە تەمەنی لەنێوان 21 بۆ 60 ساڵ بێت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.