مێردمنداڵێکیش خنکا
لە کەرکوک دوو کەس بە چەقۆ کوژران
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
ئەمڕۆ شەممە لە شاری کەرکوک دوو کەس بەچەقۆ کوژراون و مێردمنداڵێکیش لە پڕۆژەی ئاوی باجوان خنکا.
سەرچاوەیەکی تایبەت لە پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک بە 964ـی وت، “هێندە نابێت ئەمشەو هاوڵاتیەک لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆی لە گەڕەکی تەپە درایە بەر چەقۆ و دەستبەجێ گیانیلەدەستدا”.
لەبارەی رووداوەکەی تر، ئەو سەرچاوەیە دەڵێت، “ئێوارەی ئەمڕۆ لەبازاری خان خورما هاوڵاتیەک کە دوکانی فرۆشتنی پێڵاوی هەیە لەناو دوکانەکەی خۆی درایە بەر چەقۆ و کوژرا”.
بەپێی وتەی ئەو سەرچاوەیەی پۆلیس لێکۆڵینەوە بەردەوامە کەس دەستگیر نەکراوە.
ئەمڕۆ لە کەرکوک جگە لە روودانی کوشتن رووداوی خنکانیش تۆمارکراوە.
سامان یابە بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964-ی وت، ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی مێردمنداڵێکی تەمەن 14 ساڵ گەیشتە هۆبەی پزیشکی دادی کەرکوک.
سامان وتیشی، ئەو مێردمنداڵە لە پرۆژەی ئاوی نێوان باجوان-کبریت لەسەر رێگای قەزای دوبز لەکاتی مەلەکردن خنکا بوو دوای توێکاری تەرمەکەی رادەستی کەس وکارەکەی کرایەوە.