هەرێم داوای درێژکردنەوەی دەکات
سبەینێ دوا وادەی تۆمارکردنی موالید 2006ـەکانە بۆ دەنگدان
964+
پێشەوا محەمەد
سبەینێ هەینێ دوا وادەی تۆمارکردنی موالید 2006ـەکانە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام داوا کراوە پێنج رۆژ وادەکە درێژ بکرێتەوە.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق 10.10.2023ـی تا 20.10.2023ـی بۆ تۆمارکردنی ئەو کەسانە تەرخان کرد، کە لە هەرێمی کوردستانن و لە نێوان 1.1.2006 تا 25.2.2006 لەدایکبوون تا بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکەن.
خالید عەباس، بەرپرسی لقی دهۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ـی راگەیاند، لە هەرێمەوە داوایان کردووە پێنج رۆژ بۆ وادەکە زیاد بکرێت بەڵام تا ئێستا وەڵامیان نەدراوەتەوە.
وتیشی، “لە پارێزگای دهۆک زیاتر لە دوو هەزار ناوی نوێ لەو تەمەنە دیاریکراوەدا تۆمار کراون”.
22.5.2023 کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە وەڵامی نووسراوێکی دادگای فیدڕاڵیدا رایگەیاند، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەیی خۆی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی خولی نوێی پەرلەمانی هەرێم دەردەبرێت.
دواتر لە مانگی هەشتدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 25.2.2024ـی وەک وادەی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریی کرد.