لەسەر داوای سەرۆک حزبێکی عێراقیە
دادگای فیدرالی لەبارەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم کۆدەبێتەوە
964+
فەهمی نەبی
سەرۆکی حزبێکی عێراقی لە دادگای فیدرالی داوای لەسەر ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق تۆمارکردووە و دەڵێت، نەناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم نادەستوورییە، وا بڕیارە دادگای فیدرالی لە 29ی ئەم مانگە لەسەر ئەم بابەتە دانیشتنێک ئەنجام بدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە دادگای فیدرالی عێراق، دەقی سکاڵایەکی مەحمود حسێن رەزا ئەمینداری حزبی ئومەی عێراقی خستووەتە لیستی دانیشتنەکانەوە و بە زنجیرەی ژمارە 227 دانراوە.
سکاڵاکە لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کراوە، داوا دەکات موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەکاتی خۆی رەوانە بکرێت وەک ئەوەی لە بودجەی ساڵی 2023 هاتووە.
لەبەشێکی دیکەی سکاڵاکە هاتووە، حکومەتی عێراق ناچاربکرێت بە ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم وەک ئەوەی لە یاسای بودجە هاتووە.
لەساڵی 2014-ەوە بەغدا پشکی هەرێمی بڕیوە و تا ئێستا گرفت بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستبووە، سەرەڕای پەسندکردنی یاسای بودجە، بەڵام هێشتا کێشەکان وەک خۆیانن و فەرمانبەرانی هەرێم لەم ساڵدا هێشتا موچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلولیان وەرنەگرتووە.