بە گۆشتی ژەهراوی
سەگەکانی دوزخورماتوو کۆمەڵکوژ دەکرێن
964+
سیروان خورشید – خورماتوو
تیمەکانی شارەوانی، تەندروستی و پۆلیس بە پێدانی گۆشت و سەرەمریشکی ژەهراوی نزیکەی 80 سەگی بێلانەیان رووبەڕووی مەرگ کردەوە.
لە بەشێک لە گەڕەکەکانی خورماتوو هەڵمەتەکە ئەنجامدرا، کە تێیدا پاش 20 خولەک ئەو سەگەی ژەهری بە تامی خواردن خوارد، دەمرد.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەرعی رەشید سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو بۆ 964 وتی، “هەڵمەتەکە بۆ نەهێشتنی سەگی گەڕۆکە و هۆکارەکە بۆ رێگریکردنە لە بڵاوبونەوەی جۆرە جیاوازەکانی نەخۆشی بەهۆی زۆربوونی سەگی بێلانە لە سنوورەکەدا”.
سەگکوژەکەی کەرکوک بۆ تیکتۆک ئەم کارەی کردووە
بە وتەی سەرۆکی شارەوانیی خورماتوو، بوونی ئەو سەگانە لە قەزاکەدا بووە بە مەترسی بۆ سەر ژیانی هاوڵاتیانی شارەكە، وتیشی، ” لەهەوڵداین لە داهاتوودا شێلتەرێكی كۆكردنەوەی سەگی بێلانە لە سنووری خورماتوو دروست بكەین”.
لە سنوری قەزای دوزخورماتوودا زیاتر لە 500 سەگی گەڕۆک و بێلانە هەن، ئەمڕۆ یەکشەممە لە هەڵمەتەکەدا لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا نزیکەی80 سەگ لەناوبران.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا