سەگکوژەکەی کەرکوک بۆ تیکتۆک ئەم کارەی کردووە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

لە سۆشیال میدیا بە تایبەتی لە کەرکوک و دەوروبەری ڤیدیۆی کەسێک بڵاوبووەتەوە کە بە کوتەک سەگێک دەکوژێت، 964 سۆراغی کرد شوێن و مەکانی ئەو کەسە دیارە، بەڵام پۆلیس دەڵێ هێشتا ئاگامان لێی نییە.

ڤیدیۆکە بەم شێوەیەیە کەسەکە سەگێکی لە ماتۆڕێکی سێ تایەیی بەستووەتەوە لێی دێتە پێشەوە و کوتەکێک دەدات بەسەریدا دەم و دەست دەیکوژێت.

روخساری کوڕەکە دیارە و بێ منەتانە ئەو کارە دەکات، دواتریش خۆی ڤیدیۆکەی لە تیکتۆک بڵاوکردووەتەوە، بەڵام 964 لەبەر ئەوەی ڤیدۆکە دیمەنی توندوتیژی تێدایە هەمووی پیشان نادات.

964 کەوتە شوێنی، بۆی ساغ بووەوە سەگکوژەکە دانیشتوی گەڕەکی رێگای بەغدایە نزیک بەنزینخانەی عەقەبە بن نافع [ناوی لای 964 پارێزراوە] هەر لەو دەوروبەرە کارێک دەکات کە زۆربەی گەڕەکەکە دەیناسن.

کەسێک لە دانیشتوانی گەڕەکەکە کە لە نزیکەوە دەیناسێت بە 964 ـی وت ”لە رووی دەرونییەوە هیچ کێشەیەکی نییە، تەنیا بۆ تیکتۆک ئەو کارەی کردووە بۆ ئەوەی لایک و ڤیوی بۆ بێت، منداڵانی گەڕەکیش هەموو بەچاوی خۆیان بینیان کە سەگەکە بەو دڕندەییە دەکوژێت”.

هەموو خەڵکی ئەو دەوروبەرەو بەشێک لە خەڵکی کەرکوکیش ڤیدیۆکەیان بینیوە، بەڵام هێشتا پۆلیس نەیبینیوە.

سەرچاوەیەک لە بنکەی پۆلیسی میقداد بە 964 ـی وت ”تاکو ئێستا ئەو گرتە ڤیدیویەمان نەبینیوە، کەس سکاڵاشی نەکردووە، خۆ ئەگەر لەسەر سزادانی ئاژەڵەکەش دەستگیر نەکرێت، ئەوە بەیاسای نوێی ناوەڕۆکی نەشیاو سزا دەدرێت”.

زیاد لەکەسێک لە خەڵکی ئەو گەڕەکەو دەرودراوسێکانی ئامادەییان نیشاندا ئەگەر پۆلیس لێیان بپرسێت ئەوا ناوو ناونیشانی دەدەن بەدەستەوە.