لۆگۆی دەستەی دەستپاکی عێراق
"بەهۆی گەندەڵییەوە"
دەستەی دەسپاکی؛ بەرپرسێکی زیندانیانی سیاسی دەستگیرکرا
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرپرسێک لە دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی نەجەف دەستگیرکرا، ئەوەش بەهۆی گەندەڵی لە دابەشکردنی زەوی بۆ زیندانیانی سیاسی و لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە، 74 پارچە زەوی بە نایاسایی دابەشکردوون.
دەستەی دەسپاکی عێراق ئەمڕۆ جوارشەممە، دەستگیرکردنی بەرپرسەکەی راگەیاند و دەڵێ تیمی لێکۆڵینەوەی نوسینگەی نەجەف دوای وردبینی لە لقی دامەزراوەکە و بەڕێوەبەرایەتی تۆمارکردنی خانووبەرە، توانیویانە ئەو بەرپرسە دەستگیر بکەن.
هۆکاری دەستگیرکردنەکە بریتییە لە گومانلێکراو بوونی بە دەستکاریکردن لە دابەشکردنی ئەو زەوییانەی کە بۆ توێژی زیندانیانی سیاسی تەرخانکراون، پڕۆسەی وردبینی لەلایەن هۆبەی وردبینی دەرەکییەوە ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە کە 74 پارچە زەوی بە نایاسایی بۆ کەسانی نایاسایی تەرخان کراون.
ئەم پڕۆسەیە بە فەرمانی دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەجەفی ئەشرەف جێبەجێ کراوە و تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی 340ی یاسای سزادان راگیراوە بۆ لێکۆڵینەوە.