پەرلەمانتارێک: به‌شێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى هەرێم روویان له‌ شاره‌كانى عێراق كردووه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

به‌شێك له‌ وه‌به‌رهێنه‌رانى هەرێمی کوردستان به‌هۆی بارودۆخی سیاسی سه‌رمایه‌كانیان ده‌به‌نه‌ شاره‌كانى عێراق و له‌وێ وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن، سه‌رۆكى لیژنه‌ى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانیش ده‌ڵێت، جگه‌ له‌ شاره‌كانى عێراق، وه‌به‌رهێنه‌رى كورد هه‌یه‌ سه‌رمایه‌كه‌ى بردۆته‌ ده‌ره‌وه‌ى عێراقیش.

هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوە و وەبەرهێنانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ئه‌وه‌ى بۆ +964 ئاشكرا كرد، چه‌ندین وه‌به‌رهێنه‌رى كورد له‌ ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم سه‌رمایه‌كه‌یان وه‌گه‌ڕخستووه‌، “ئامارێكی وردم لانییه كه‌ چه‌ند كه‌سن، به‌ڵام زۆرن و به‌هۆی وه‌به‌رهێنانیشه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستاندا بوونه‌ته‌ ملیاردێر”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، كه‌ به‌شێكی زۆرى وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانى سلێمانى ‌و هه‌ولێر، سه‌رمایه‌كانیان بردۆته‌ شاره‌كانى به‌غدا و به‌سڕا و نه‌جه‌ف و كه‌ربه‌لا و موسڵ و له‌وێ كارى وه‌به‌رهێنان ده‌كه‌ن.

له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى جێهێشتنى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌و وه‌به‌رهێنه‌رانه‌وه‌، مه‌لا ستار وتی، “له‌لاى حكومه‌تى مه‌ركه‌زى پاره‌ى نه‌ختینه‌ هه‌یه‌، هۆكارێكی دیكه‌ش بابه‌تى سیاسییه‌ كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه،‌ چونكه‌ له‌وێ زیاتر هاوكارى ده‌كرێن، سه‌رمایه‌داریش به‌دواى شوێنی ئارامدا ده‌گه‌ڕێ بۆ وه‌به‌رهێنان”.

به‌شێكی دیكه‌ى هۆكاره‌كانیش ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ نه‌بوونى پڕۆژه‌یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ كوردستاندا و ده‌ڵێت، “تا ئێستا حكومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه‌ بۆ ناردنى پڕۆژه‌یاسای وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌رله‌مان”.