گواستنەوەى سلێمانى

هەر شۆفێرێک پارەى رۆژانى پشوو لە قوتابیان وەربگرێت سزا دەدرێت

رازاو محەمەد- سلێمانى

ژمارەیەک لە دایک و باوکانى قوتابیان لە رێگەى 964ـەوە سکاڵاى ئەوەیان کرد کە شۆفێری پاسەکانی هاتوچۆی قوتابیان پارەی رۆژانی “پشووی فەرمی”یان لێ وەردەگرن، بۆیە 964 کێشەکەى بردە بەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گواستنەوەی سلێمان، ئەوانیش بڕیاریاندا هەر شۆفێرێک پارەى رۆژانى پشوو وەربگرێت، لێى قبوڵ ناکەن.
جەمیل کەمال فەرەج، بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی بە 964ـى وت “لەمەودوا لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو شۆفێرانە دەکرێت و بە هیچ شێوەیەک نابێت پارەی ئەو رۆژانە لە دایک و باوکى قوتابیا وەربگرن کە پشووی فەرمییە، جگە لە رۆژانى هەینى و شەممە.”
بەڕێوەبەری گواستنەوەی سلێمانی جەختی لەوەش کردەوە، ئەگەر شۆفێرێک پێشتر پارەی مانگەکەی وەرگرتبێت و لەو مانگەدا پشووی فەرمی هەبووبێت، “دەبێت پارەی ئەو رۆژانە بۆ کەسوکاری قوتابییەکە بگەڕێنێتەوە یان بۆ مانگی داهاتوو بۆیان هەژمار بکرێت.”

هۆشدارییەکی توندیشى دایە شۆفێران و وتی: “لەمەودوا هیچ ئۆتۆمبێلێک بۆی نییە بەبێ رێنمایی و بەدەر لە یاسا هاتوچۆ بە قوتابیان یان فەرمانبەران بکات، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە و غەرامە دەکرێت.”

پێداچوونەوە: وریا فەتاح