964 بووە هۆی رزگاربوونی هەزاران ماسی خابوور لە مرداربوونەوە

964+
شڤان عەبدوڵا

بەهۆی گلدانەوەی ئاوی رووباری خابوورەوە لە زاخۆ، مەترسی لەسەر مرداربوونەوەی هەزاران ماسی هەبوو، بەڵام پاش گەیاندنی زانیارییەکە لەلایەن 964ـەوە بە لایەنی پەیوەندیدار، ئاوەکەیان بۆ بەردرایەوە.

بە سۆراغی 964، کۆمپانیایەکی جێبەجێکاری پرۆژەیەکی گەشتیاری ئاوەکەی گرتبووەوە.

خابووری زاخۆ نزیکەی 18 کیلۆمەتر بەناو شاری زاخۆدا تێپەڕدەبێت.

ئیدارەی قەزاکە لەم دواییانەدا چەندین پرۆژەی گەشتیاری لەسەر لێواری خابوور دروستکرد، وەکو کۆرنیشی پردی دەلال.

قۆناغی دووەمی کۆرنیشەکە مانگێکە دەستی بە کارەکانی کردووە کە تەواوکاری قۆناغی یەکەمە و لە پردی تەقتەقەوە دەستپێدەکات و لە پردی خانی کۆتایی پێدێت.

کۆمپانیای جێبەجێکار بە مەبەستی ئەنجامدانی پرۆژەکە ماوەی سێ رۆژە ئاوی خابووری لە ئاراستەی رۆژئاواوە گواستبووەوە بۆ رۆژهەڵات، بەوەش ماسییەکان بەبێ ئاوی پێویست مابوونەوە و مەترسی مرداربوونەوەی بەکۆمەڵیان لێدەکرا.

964 بەدواداچوونی بۆ ئەم بابەتە کرد، هەر یەک لە شارەوانی زاخۆ، وەبەرهێنان و قایمقامیەت وتیان، ئاگاداری ئەوە نین کە خابوور راگیرابێت و لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام دەرکەوت کۆمپانیای جێبەجێکار رایگرتووە و دواتر ئاوەکە بۆ ماسیەکان بەردرایەوە.

لای خۆیەوە عەلی نەعمەت بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی زاخۆ بۆ 964 وتى، “ئێمە کۆمپانیامان ئاگادارکردووەتەوە کە نابێت ئاوی خابوور رابگیرێت و بەدواداچوونیش دەکەین نابێت ماسیەکان مردارببنەوە”.