بزانە چی لە زێرابەکان دەرهێنراوە
شارەوانی هەولێر ئامادەکاری بۆ رووبەڕووبونەوەی لافاو دەکات
964+
فەهمی نەبی
لەماوەی ئەم هەفتەیە ئەوە چوارەم هەڵمەتە شارەوانی هەولێر ئەنجامیدەدات بۆ پاکردنەوەی کەند و زێرابی ئەو شوێنانەی کە ساڵانی پێشوو دەکەوتنە بەر لافاو، ئەمڕۆ لە قوشتەپە و پیرزین و تەق تەق شارەوانی هەولێر زبڵ و خۆڵێکی زۆری لە رێڕەوی ئاوی ئەو شوێنانە کۆکردووەتەوە.
ماوەی دوو ساڵە شارەوانی هەولێر بۆ دووبارە نەبوونەوەی لافاوەکەی ساڵی 2021 هەموو زێراب و کەندەکان پاکدەکاتەوە، سەرەتای ئەم هەفتەیە بەهەمان شێوە کەندێکی شەش کیلۆمەتری پاککرایەوە.
ساڵی 2021 بەهۆی لافاو، چەند گەڕەکێکی هەولێر ژێر ئاو کەوتن، لەوانە گەڕەکەکانی دارەتوو، رۆشنبیری، ناحیەی قوشتەپە و گوندی کۆری کەوتنە ژێر ئاوکەوتن و سەدان ماڵ زیانیان بەرکەوت و منداڵێک و گەنجێک بەهۆی لافاوەکە گیانیان لەدەستدا.
لەم هەفتەیە نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر بۆ 964 وتی، وەک ئامادەکارییەک بۆ روبەڕووبوونەوەى هەر ئەگەرێکى نەخوازراوى گۆڕانى کەش و هەوا، تیمەکان ئامادەکاری دەکەن و رێڕەوەکان پاکدەکەنەوە.
لەترسی لافاو کەندێکی شەش کیلۆمەتری لە هەولێر پاکدەکرێتەوە
وەک لە وێنەکان دەردەکەوێت رێژەیەکی زۆری پاشماوەی دەبە و کیسی نایلۆن لە زێرابەکان دەرهێنراون.