ئه‌مریكا داوا ده‌كات بۆڕیی نه‌وتی عێراق – توركیا به‌گەڕبخرێته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگه‌یاند، “ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە کارکردن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بۆ ئەوەی بە خێرایی هێڵی بۆریی نه‌وتی نێوان عێراق – تورکیا به‌گه‌ڕبخرێته‌وه‌، کە نەوتی هەرێمی کوردستانی پێدا هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکرێت.

راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ده‌ڵێت، ئەمریکا پێشوازی لە گفتوگۆی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. دەشڵێت، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ ئەوەی “لە زووترین کاتدا” بۆریی نێوان عێراق – تورکیا بکرێتەوە.

جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا لە راگه‌یاندراوێکدا وتی: “ئێمە پێشوازی لە گفتوگۆی بنیادنەرانەی نێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە هەفتەی رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە جۆرێك لەگەڵ دەستووری عێراقدا بگونجێت”.

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: “بە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق خۆشحاڵین بۆ ناردنی پارەی زیاتر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە یارمەتیی دڵنیابوون لە وەرگرتنی موچەی فەرمانبەرانی حکومی و بەرەوپێشبردنی سەقامگیری و گەشەی ئابووری دەدات”.

“ئەمریکا بەردەوام لە پەیوەندیدا دەبێت بۆ پێشخستنی عێراقێکی سەقامگیر و سەلامەت و پێشخستنی بڕیارە بەردەوامەکان، سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و هه‌رێمی كوردستان”، جەیک سولیڤان وادەڵێت.

وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی نەوتی هەرێم قسەی نوێی پێیە

وەزیری نەوتی عێراق لە بارەی نەوتی هەرێم قسەی نوێی پێیە

ئه‌م راگه‌یاندراوه‌ی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دوای ئه‌وه‌ دێت، یەکشەممەی رابردوو، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا بڕی 2.1 تریلیۆن دینار بۆ موچه‌ی مانگەکانی 9، 10 و 11 بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، كه‌ به‌ شێوه‌ی قه‌رز ده‌بێت.

بڕیاری ناردنی ئەو بڕە پارەیە لەلایەن به‌غداوه‌ دوای ئه‌وه‌ دێت، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو شاندێكی هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌سرور بارزانیی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت کۆبووەوه‌ و گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتنێكی كاتی و خێرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم.
ماوه‌ی دوو مانگه‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم نه‌دراوه‌، له‌ كاتێكدا له‌م رۆژانه‌دا دابه‌شكردنی موچه‌ی مانگی ئه‌یلولی فه‌رمانبه‌رانی عێراق ده‌ستپێده‌كات

له‌وه‌ته‌ی رۆژی 25.3.2023 هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوک بەهۆی بڕیاری دادگەی ناوبژیوانیی نێودەوڵەتیی پاریس راگیرا، كه‌ زیانێكی زۆر به‌ ئابووریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان گه‌یاندووه‌ و كێشه‌ و قه‌یرانی ئابووری بۆ هه‌رێم هێناوه‌ته‌پێشه‌وه‌.

راپۆرتێک لە لەندەنەوە: وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان ز...

راپۆرتێک لە لەندەنەوە: وەستانی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی گەورەی بە ئابووری عێراق گەیاندووە