دوو یارییە لەسەریەک هەڵبژاردەی هەولێر سەرکەوتن بەدەست ناهێنێت
964+
هێژا خەسرەو ـ هەولێر
لە قۆناغی کۆتایی جامی کۆماریدا و لە گەڕی دووەمدا، هەڵبژاردەی هەولێر لە یاریگای ئارارات لەگەڵ هەڵبژاردەی رەسافەی بەغدا یاریکرد و یارییەکەش بە یەکسانبوون بە گۆڵێک بۆ هەرلایەک کۆتاییهات.
گێمی یەکەمی یارییەکە بەبێ گۆڵ کۆتاییهات، لە گێمی دووەمدا و لە خولەکی 86ـدا سەنگەر عەبدولکەریم بە لێدانی سزا گۆڵەکەی هەولێری تۆمارکرد، دوو خولەک بەسەر ئەم گۆڵەدا تێپەڕی و عەلا عەدنان گۆڵی یەکسانی بۆ رەسافە تۆمارکرد.
یارییەکەی دیکەی ئەم کۆمەڵەیەش لە نێوان کەربەلا و میسان بە یەکسانبوون بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.
دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە عەبدولقادر حوسێنی راهێنەری هەڵبژاردەی هەولێر لە لێدوانێکدا وتی، “هەلی سەرکەوتنمان ماوە، ئێمە یەکێکین لە هەڵبژاردە بەهێزەکان و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی سەربکەوین”.
هەڵبژاردەی هەولێر دوو یاری ماوە و پێویستی بە بردنەوەیە بۆ بڕینی ئەم قۆناغەی جامی کۆماری.
پێداچوونەوە: توانا نەقی