ده‌نگۆ؛ رووفاته‌ دۆزراوه‌كه‌ى ته‌قته‌ق پێشمه‌رگه‌یه‌كی حزبی شیوعیه‌

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

هه‌رچه‌نده‌ تائێستا ناسنامه‌ى ئه‌و رووفاته‌ى له‌ گوندێكی ناحیه‌ى ته‌قته‌ق دۆزرایه‌وه‌ نادیاره‌، به‌ڵام به‌پێی قسه‌ى شایه‌حاڵێك، رووفاته‌كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی حزبی شیوعییه‌ و له‌ ساڵانى هه‌شتاكان دواى گیان سپاردنى له‌و شوێنه‌دا نێژراوه‌.

سه‌رله‌بەیانی دوێنێ دووشەممە 11.9.2023 لەناو یه‌كێك له‌ زه‌وییه‌كانى گوندى تاڵه‌بانى گه‌وره‌ له‌ سنوری ناحیه‌ى تەقتەق، لە کاتی کێڵانی زەوییەکی کشتوکاڵی، رووفاتێک دۆزرایەوە کە بریتی بووه‌ له‌ ئێسکوپروسکی پیاوێک.

به‌ قسه‌ى خه‌ڵكی ئه‌و سنووره‌ كاتێك جوتیاره‌كه‌ رووفاته‌كه‌ى دۆزیوه‌ته‌وه‌، وتویه‌تى ئه‌و ئاگادار بووه‌ كه‌ ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ى حزبی شیوعی دواى گیانسپاردنى له‌ ساڵى 1980 لە یەکێک لە شەڕەکان له‌گه‌ڵ حکومەتی ئەوکاتی بەعس، له‌و شوێنه‌دا نێژراوە.

هه‌ریه‌ك له‌ عه‌لى شیوعى به‌رپرسی مه‌كته‌بی شه‌هیدان و هاوڕێ ئومێد ئه‌ندامى ناوچه‌ى حزبی شیوعى له‌ كۆیه‌، به‌ 964 یان وت، ئه‌وانیش ئه‌و ده‌نگۆیه‌یان بیستووه‌، به‌ڵام جارێ چاوه‌ڕێى ئه‌نجامى پشكنینه‌كان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى راستیى بابه‌ته‌كه‌ ئاشكرا بكرێت.

عه‌لى شیوعى، وتیشی “له‌ زۆربه‌ى ناوچه‌كانى كوردستاندا پێشمه‌رگه‌ى شه‌هیدمان هه‌یه‌ و تا ئێستاش بێ گۆڕن، پێده‌چێت ئه‌وه‌شیان یه‌كێك بێت له‌وانه‌”.

به‌ پێی ئامارێكی مه‌كته‌بی شه‌هیدانى حزبی شیوعى، تا ئێستا نزیكه‌ى 400 پێشمه‌رگه‌ى گیانسپاردوویان هه‌یه‌ و بێ گۆڕن و له‌ گۆڕستانى كه‌سنه‌زانى هه‌ولێریش مۆنۆمێنتێكی تایبه‌تیان بۆ دروستكردوون.

لای خۆیه‌وه‌، رائید هەرێم دڵشاد بەڕێوبەری پۆلیسی تەقتەق، به‌ 964، راگه‌یاند، ئەوان چاوه‌ڕێن لیژنه‌ى تایبه‌ت به‌ به‌ڵگه‌ى تاوانه‌كان و پزیشكی دادى بچنه‌ شوێنه‌كه‌ و رووفاته‌كه‌ بۆ پشكنین ببه‌ن.

وتیشی “ئه‌وه‌ى باس ده‌كرێت له‌سه‌ر ئه‌و رووفاته‌، ته‌نیا ده‌نگۆیه‌ و تا ئه‌نجامى پشكنینه‌كانى DNAـى ده‌رنه‌چێت ناتوانین هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر ناسنامه‌كه‌ى بكه‌ین”.

به‌ پێی زانیارییه‌كانى 964، سبه‌ى چوارشه‌ممه‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى به‌ڵگه‌ و تاوان و پزیشكى دادى هه‌ولێر و كۆیه‌ ده‌چنه‌ شوێنه‌كه‌ و رووفاته‌كه‌ ده‌هێننه‌ پزیشكى دادى هه‌ولێر.

964 بەدواداچوونی بۆ گۆڕغەریبەکانی حزبی شیوعی کردووە

964 بەدواداچوونی بۆ گۆڕغەریبەکانی حزبی شیوعی کردووە

تەقتەق.. رووفاتی کەسێک لە زەوی جووتیارێکدا دۆزرایەوە

تەقتەق.. رووفاتی کەسێک لە زەوی جووتیارێکدا دۆزرایەوە