لە ماڵێک خۆی حەشاردابوو
تۆمەتباری کوشتنی سێ هاوڵاتییەکەی قەڵادزێ دەستگیر کرا
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
کەسێک بە تۆمەتی کوشتنی سێ هاوڵاتییەکەی قەڵادزێ دەستگیر کرا، پۆلیسیش دەڵێت بکوژ پێشمەرگەیە و دانیشتووی سنوری قەزای پشدەرە.
ئەمڕۆ سێشەممە 12.9.2023، پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و دەڵێن، تۆمەتباری سەرەکی کوشتنی سێ کەسەکەی قەڵادزێ هەڵهاتبوو بۆ سنووری کۆڕێ لە شەقڵاوە، لەوێ لەنێو ماڵێکدا دەستگیر کراوە.
ناسنامەی تۆمەتبارەکە لە رێگەی کامێراکانی چاودێرییەوە ئاشکرا بووە و لە قەزای شەقڵاوە لەنێو ماڵێک خۆی حەشارداوە.
تۆمەتبارەکە، کە لەدایکبووی ساڵی 1994ـە، لەلایەن پۆلیسی کۆڕێ و ئاسایشی سنورەکە دەستگیر کراوە و لەلای ئەوان دەستبەسەرە.
“چاوەڕوان دەکەین تۆمەتباری ناوبراو رادەستی هێزەکانی پۆلیسی راپەڕین بکرێتەوە”.
ئەمەش بەهۆی تایبەتمەندی شوێنی رووداوەکە و بۆئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی پشدەر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت”، پۆلیس و ئاسایشی راپەڕین وا دەڵێن.