ئەمساڵ زیاتر لە 70 هەزار زیارەتکار لە حاجی ئۆمەرانەوە تێپەڕیوون
964+
فەهمی نەبی
دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ئاماری 23 رۆژی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی و بیانی بڵاوکردەوە، لەوماوەیە 70 هەزار و 127 زیارەتکار بە دەروازەکە نێردراون بۆ شارەکانی نەجەف و کەربەلا بۆ بەشداریان لە چلەی ئیمام حسێن.
بەگوێرەی ئاماری دەروازەی حاجی ئۆمەران، بەکۆی گشتی 122 هەزار و 556 زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەران هاتوچۆیان کردووە، لەو ژمارەیە 52 هەزار و 429 کەسیان بە دەروازەکە گەڕاونەتەوە.
ئەمساڵ هەرێمی کوردستان بەشدارییەکی کارای هەبوو لە پێشوازی زیارەتکارانی شیعە مەزهەبی ئێران و وڵاتانی دیکە، پرۆسەکە لە 18.8.2023 دەستیپێکرد و لە 6.9.2023 کۆتایی پێهات.
ئەمساڵ جگە لە زیارەتکارانی ئێرانی هەریەکە لە زیارەتکارانی وڵاتەکانی تورکیا، ئازەربایجان، روسیا، جۆرجیا و کازاخستان بوون، کە ژمارەیان پێنج هەزار زیارەتکار بووە.
لەو 23 رۆژە چوار رووداوی هاتوچۆ تومارکراوە کە پەیوەندیداربووە بە هاتنی زیارەکاران و هیچ کەس گیانی لەدەست نەداوە.
لەو ماوەیە چوار وێستگەی پشوودانیان بۆ دانرابوو، جگە لەوە سێ هەزار و 500 پاس و ئۆتوبوس و کۆستەر تەرخانکرابوون.
ژیار جەلال بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی هەولێر بۆ 964 وتی، هەر رۆژێک لەو وێستگانەی تەرخانکرابوون بۆ پشوودانی زیارەتکاران نزیکەی سێ تۆن پاشماوە هەڵگیراوەتەوە.