70 پرۆژەى ستراتیژى گەشتیاريى له‌هه‌رێم جێبه‌جێ ده‌كرێن

964+

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دەستەى گەشتوگوزار ده‌ڵێت، له‌سه‌ر ئاستى هه‌رێمی كوردستان و به‌پێی پێویستى شوێنه‌كان، 70 پڕۆژه‌ى ستراتیژى گه‌شتیارى ئاماده‌ى كراون و چاوه‌ڕێن وه‌به‌رهێنه‌رانى ناوخۆیی بیانى جێبه‌جێیان بكه‌ن.

ئیبراهیم عەبدولمەجید، وتەبێژى دەستەى گەشتوگوزار، به‌ 964ـى راگه‌یاند، پرۆژەکان بەپێى پێویستى شوێنه‌كان كاریان له‌سه‌ركراوه‌ و دیزاینكراون.

وتیشی “دروستکردنى هۆتێل و مۆتێل و شوێنى مانەوەى گەشتیاران و پرۆژەى گەشتیاریى زستانە و باخچەى ئاژەڵان و کۆمەڵگەى گەشتیارى له‌ناو ئه‌و 70 پڕۆژه‌یه‌دا هه‌ن”.

روونیكرده‌وه‌، یاساى وەبەرهێنان کارئاسانى و مەرجى زۆر گرنگى بۆ هەموو بوارەکان و بوارى گەشتوگوزار تێدایە، لەسه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش 70 پرۆژەكه‌ ئامادە کراون.

ئاشكراشی كرد، له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، زاخۆ، ئاكرێ، سۆران و راپه‌ڕین كێشه‌ى نه‌بوونى شوێنى مانه‌وه‌ى گه‌شتیار هه‌یه‌ و له‌ناو ئه‌و پڕۆژانه‌ جێیان كراوه‌ته‌وه‌.

به‌قسه‌ى وته‌بێژى ده‌سته‌، ئێستا ئەو پرۆژانە ئامادەن بۆ ئەوەى وەبەرهێنەرانى ناوخۆ، یان بیانى وەریانبگرن و بیانخەنە بوارى جێبەجێکردنەوە، وتیشی “بەدڵنییاییەوە زۆر هەلى کار و بووژانەوەى کەرتى گەشتیارى و زیادبوونى ژمارەى گەشتیاران و زیادبوونى داهاتى تاک و حکومەتیان لێ دەکەوێتەوە”.