دیمەنی مەشقکردنی یاریزانانی باسکەی زاخۆ.وێنە:+964
باسکەی زاخۆ ئامادەیە بۆ یاری کۆتایی لەگەڵ نەفت
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
یانەی باسکەی زاخۆ لە خولی سۆپەری عێراق ئامادەکاری بۆ یاری کوتایی بەرامبەر باسکەی نەفت دەکات.
یاری کۆتایی جامی سوپەر بڕیار بوو لە 15.9.2023 لە یاریگای شەعب لە نێوان تیپی باسکەی نەفت و شورتە بەڕێوەبچێت، بەڵام لە بەر ئامادەنەبوونی شورتە یەکێتی باسکەی عێراق تیپی باسکەی زاخۆی لە بری شورتە هەڵبژارد بەو پێیەی زاخۆ سێیەمی جامەکە بووە.
جوتیار عەلی، یاریدەدەری راهێنەری باسکەی زاخۆ بە 964ـی وت، لە وەرزی رابردووی خولی نایابی باسکەی عێراق هەلێکی زێڕینیان لەدەستچوو، کە نەگەیشتنە یاری کوتایی، ئێستا ئەمە هەلێکی گەورەیە و پێویستە لەدەستی نەدەن.
هەرچەندە یاریزان موراد عەلی توشی پێکان بووە، بەڵام لەوانیە ئامادە بێت بۆ یاری کۆتایی و سوود لە تواناکانی ببینین، کاتێکی کەممان لەبەردەستە بۆ راهێنانەکان بەڵام سوود لە کاتەکە وەردەگرین و بە بەهێزی رووبەڕووی یانەی نەفت دەبینەوە، جوتیار عەلی وای وت.
یانەی باسکەی زاخۆ لە وەرزی رابردووی خولی نایابی عێراق ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد، توانی بگاتە چوارگوشەی زێڕین و لەیاری پێش کوتایی بەرامبەر یانەی باسکەی نەفت تووشی دوڕان بوو بەوەش پلەی سێیەمی لە خولەکە بەدەستهێنا
پێداچوونەوە: توانا نەقی