ئەمجارەیان مریشک نا، هێلکە فڕی

+964

دیلان محەمەد – سلێمانی

ڤیدیۆ

بەهۆی راوەستانی ھاوردەکردنی لە دەرەوەی وڵاتەوە، ھەر کارتۆنێک هێلکە 10 ھەزار دیناری چووەتە سەر.

پێشتر کارتۆنێک هێلکە کە 12 تەبەقی تێدایە (هەر تەبەقێک 30 هێلکە) بە 60 هەزار دینار بوو، ئێستا بووەتە 70 هەزار دینار.

مەریوان ئەحمەد، دوکاندارە بە +964ی وت، “ئەمڕۆ نرخی کارتۆنێک ھێلکە 70 ھەزار دینارە، ھێلکەی سور بە 67 ھەزار دینارە، لە بازاڕ ئەزمەی ھێلکە دروست بووە، بەرزبوونەوەی نرخەکەی بەهۆی قەدەغەکردنی هێنانیەتی لە ئێران و تورکیا، دەڵێن بۆ ساغکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆیە، بەڵام بەرھەمی ناوخۆ بەشی پێداویستییەکانی خەڵک ناکات”.

+964 زانیویەتی، کێڵگەکانی پەلەوەر نرخیان بۆ دانراوە، دەبێت کارتۆنێک ھێلکە بە 62 ھەزار دینار بدەن بە بازاڕ، بەڵام تا دەگاتە بازاڕ نرخەکەی زیاد دەکات.

سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بۆ +964 دەڵێت، بەرزبونەوەی نرخی ھێلکەی ناوخۆ، بەھۆی قەدەغەی ھاوردەی ھێلکەی تورکی و ئێرانییە، بەشێوەیەک 10 ھەزار دینار بۆ ھەر کارتۆنێک زیاد بووە.

بە قسەی ئەو، بەرھەمی ناوخۆ زۆرە، بەو مەبەستە ھاوردەی لە دەرەوەی وڵات راگیراوە.

ئەکرەم وەیسی، فرۆشیارێکی دیکەیە، وتی کە پێشتر رۆژی 10 کارتۆن ھێلکە پێداویستی دوکانەکەی پڕکردووەتەوە، بەڵام ئێستا رۆژی چوار کارتۆن ھێلکەی بۆ دەنێرن.

ئەوە چەند ساڵێکە، لەگەڵ دەستپێکی وەرزی زستان و قەدەغەکردنی هێنانی هێلکە لە ئێران و تورکیا، نرخی هێلکە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە.