پەیکەری پێشمەرگە لەنێوان دوو مێژوودا

964+

فەهمی نەبی

کە لە هەولێرە دەچیت بۆ کەرکوک، لەدەروازەی گەڕەکی شۆراو یەکەم دیمەن پەیکەرێکی گەورە دەردەکەوێت، پێشمەرگەیەکە چەکی لەشان کردووە، بەر لە رووداوەکانی ساڵی 2017 ئاڵایەکی کوردستان بەدەستەوە بوو، بەڵام دوای ئەو رووداوانە هێزە عێراقیەکان ئاڵای عێراقیان لەجێگەی ئاڵای کوردستان دانا.

پەیکەرەکە بەرزی 23 مەترە و بنکەکەی 10 مەترە و سێ مەتریش قوڵە، لە کۆنکرێت مسلەح و فایبەرگلاس و ئاسن دروستکراوە، لەلایەن هونەرمەند “مان دەلۆ” و گروپێکی هونەری لە ساڵی 2015 دەستکراوە بە دروستکردنی و ساڵی 2017 تەواو کراوە.

مان دەلۆ پەیکەرتاش کە پەیکەری پێشمەرگەی دروستکردووە بۆ 964 وتی، بیرۆکەکە ئەوە بوو دوای تەواوکردنی پەیکەرەکە مۆنۆمێنتێک لە خوار پەیکەرەکە دروست بکرێت، کە هەموو ئەرشیفی پێشمەرگەی لە ساڵانی 1945-ەوە لێ نمایش بکرێت، بەڵام دوای رووداوەکانی ساڵی 2017 پڕۆژەکە بە تەواوی وەستا.

هونەرمەند مان دەلۆ دەڵێت، “پەیکەرەکە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەترین پەیکەرە بۆ جەنگاوەر دروستکرابێت، ئەمەش وەک هێمای قوربانیدانی پێشمەرگە دروستکرا و تێچووەکەی لەلایەن رەمەزان حاجی رەشید بووە”.

دوای ئەوەی لە دوو رۆژی رابردوو، گرژیەکانی شاری کەرکوک رووی لەزیادیکرد، هێزە عێراقیەکان ئاڵای سەر پەیکەرەکەیان گۆڕی و بەوتەی خۆیان نوێیانکردووەتەوە، بەڵام هەندێک لایەنی کوردی پێی وابوو ئەمە سوکایەتیە بە پەیکەرەکە کراوە، پەیامنێری 964 لە کەرکوک دەڵێت؛ “هەموو دوو مانگ جارێک ئاڵای سەر پەیکەرەکە دەگۆڕدرێت”.

ئەمڕۆ یەکشەممە وەزارەتی گوستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێم بڕیاریدا، پەیکەری پێشمەرگە بکاتە پولی پۆستە لە جۆری “5000 دیناری”.