پزیشکێکی نەخۆشخانەی هیوا
وەک یەکەم خانمە پزیشک لە هەموو عێراقدا پلەی پرۆفیسۆری بەدەستهێنا
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
پزیشکێکی نەخۆشخانەی هیوا وەک یەکەم خانمە پزیشک لە هەموو عێراقدا پلەی پرۆفیسۆری لە بواری شێرپەنجەزانیدا بەدەستهێنا و دەڵێت، “پلەکەم موڵکی نەخۆشخانەکەمە”.
پ.د. هاژە عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و گرێ لیمفاوییەکان و نەخۆشییەکانی خوێن قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “ئەم پلەیەی من بەدەستمهێناوە، بەرزترین پلەی زانستییە لەڕووی ئاکادیمییەوە کە پلەی پرۆفیسۆرییە، یەکەمجاریشە لەهەموو عێراقدا ژنێک بتوانێ ئەم پلەیە بەدەست بهێنێت”.
“ئەم پلە زانستییە موڵکی من نییە، موڵکی ماڵە گەورەکەیە کە نەخۆشخانەی هیوایە”، پ. د. هاژە عەبدوڵا وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەخۆشخانەی هیوا نەک تەنیا لەڕووی چارەسەری پزیشکییەوە پێشەنگی هەموو نەخۆشخانەکانی عێراقە، بەڵکو لە هاوکاریکردن و راوێژپێکردن بە دکتۆر و پزیشکەکان دەوری باڵای گێڕاوە.
پ.د. هاژە کە بەهۆی خزمەت و ئیشەکەیەوە دایم سەرقاڵە، نەسیحەتی دکتۆرە گەنجەکان دەکات و دەڵێت، “یەکەم ئینسان بن ئینجا پزیشک، بە واتایەی لەگەڵ چارەسەری جەستەدا دەبێ چارەسەری دەروونی نەخۆشەکەش بکەن”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری