زۆرترین خوێندکار وەردەگرێت

زانکۆی سەڵاحەدین وەک یەکەم زانکۆی هەرێم دەوامی دەستپێدەکات

964+

فەهمی نەبی

بڕیارە سبەی یەکشەممە زانکۆی سەڵاحەدین وەک یەکەم زانکۆی هەرێمی کوردستان دەوامی مامۆستایانی دەستپێبکات و رۆژی دواتر دەوامی خوێندکارانی دەستپێبکات.

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، بە پێی ساڵنامەی خوێندن رۆژی 1.9.2023 دەستپێکی خوێندنی زانکۆ و پەیمانگاکانە.

کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین بۆ 964 وتی، “یەکەم ساڵە لە مێژووی زانکۆی سەڵاحەدین دەوام هێندە زوو دەستپێبکات، هۆکاری ئەوەیە هەڵەمان کردووە زووتر دەستمان پێنەکردووە، ساڵنامەی هەموو زانکۆیەک لە 1.9 دەستپێدەکات، دەبێت 30 هەفتە بخوێندرێت، ئەگەرنا ئەو زانکۆیە جێگەی متمانە نابێت”.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەدین دەڵێت، ساڵی پار 30 هەفتەی تەواومان خوێند، بەبێ رۆژانی پشوو و تاقیکردنەوەکان، بۆ ئەمساڵیش ساڵنامەی زانکۆکەمان بە جۆرێک دیاریکردووە، دەبێت 1.7.2024 هیچ مامۆستایەکی زانکۆی سەڵاحەدین ئیشی لەگەڵ خوێندکار نەمابێت.

بەوتەی کامەران یونس، ئەمساڵ زانکۆی سەڵاحەدین پلانی هەیە ژمارەی پێوانەیی لە مێژووی خۆی تۆمار بکات و نۆ هەزار و 125 خوێندکار وەردەگرێت.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدابوو ساڵنامەی خوێندن لە 1.9 دەستپێدەکات، بەڵام بەهۆی ئەوەی دوێنێ هەینی و ئەمڕۆ شەممە پشووی هەفتەن، سبەی یەکشەممە دەوامی مامۆستایانی زانکۆی سەڵاحەدین دەستپێدەکات و دووشەممەش دەوامی خوێندکاران.

زانکۆی سەڵاحەدین لە ساڵی 1968 دامەزراوە، بۆ ساڵی 2023 ئەو زانکۆیە 25 هەزار و 320 خوێندکاری هەبووە، ئەمساڵ چوار هەزار و 600 خوێندکار دەردەچن، 83 بەشی هەیە.

لە هەرێمی کوردستاندا 18 زانکۆی حکومی و 17 زانکۆ و لقە زانکۆی تایبەت و 12 پەیمانگای جۆراوجۆر هەیە.