بانکی ناوەندی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم؛ هیچ پێشینەیەکمان بۆ ئێوە نیە
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
بانکی ناوەندی عێراق، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە لەبارەی پێدانی پێشینە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. سەرۆکی لقی هەولێری بانکەکەش دەڵێ؛ ئەگەر کارێکی وا هەبێت دەبێت لە رێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە بکرێت.
ماوەیەکی زۆرە دەنگۆی پێدانی پێشینەیەک بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سۆشیال میدیای تەنیوە، بەڵام سەرچاوەیەکی ئاگادارو بەرپرس لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق قسەی بۆ +964 کردووە، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە.
سەرچاوەیەک لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە 964+ـی وت: “بانکی ناوەندی بە شێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان ناکات، بەڵکوو دەبێت لە رێگەی نێوەندگیرێکەوە بێت کە زیاتر بانکە تایبەتەکان بەو نێوەندگیرییە هەڵدەستن.”
زیاتر وتی “هیچ پێشینەیەک لە لایەن بانکی ناوەندییەوە بۆ هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی هەرێم رانەگەیەندراوە”.
پێشتر وا راگەیەندرا بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگەی لقەکانییەوە لە هەرێم پێشینە بۆ کڕینی خانووەبەرە و کڕینی شوقە لە یەکەکانی نیشتەجێبوون دەدات بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان.
بە پێی زانیارییەکانی سەرچاوەکە، “تا ئێستا هیچ هەوڵێکی بانکی ناوەندی نییە بۆ پێدانی پێشینە بە هاووڵاتییان بۆ کڕینی خانوو و شوقە، ئەگەر بشکرێت دەبێت لە رێگەی بانکە ئەهلییەکانەوە بکرێت و دواتر ئەوان پارەکە بە قازانج دەدەنەوە هاووڵاتییان.”