ماوەی دانەوەی قیستی خانووەکانی پرۆژەی چەرموو سیتی کرا بە 20 ساڵ

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

ماوەی دانەوەی قیستی خانوەکانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی چەرموو سیتی لە چەمچەماڵ، لە 10 ساڵەوە کرا بە 20 ساڵ.

ئەمڕۆ سێشەممە 29.8.2023، رەمک رەمەزان قایمقامی چەمچەماڵ بە 964ـی راگەیاند، خاوەنی خانوەکانی پرۆژەی نیشتەجێبوونی چەرموو سیتی، پێشتر مانگانە هەرچەندێک پارەیان دابێت، لەمەودوا نیوەی ئەو بڕە دەدەن و لە ماوەی 20 ساڵدا دانەوەی پارەکە تەواو دەبێت.

ئەم بڕیارە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئاوات جەناب، وەزیری دارایی و قایمقامی چەمچەماڵ درچووە و ئەو بەڵێندەرەی کە پرۆژەکەی جێبەجێکردووە رەزامەندی دەربڕیوە.

قایمقامی چەمچەماڵ وتی، ئەو کەسانەی کە پارەی خانووەکانی ئەو پرۆژەیەیان لەلا ماوە، نزیکەی یەک هەزار و 450 کەسن و نزیکەی 80٪ـیان کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون.

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ قایمقامی چەمچەماڵ، ئاوات جەناب وەزیری دارایی وتی، “دانیشتوانی پرۆژەی چەرموو سیتی کەسوکاری ئەنفال و شەهید و خەڵکانی کەمدەرامەتن و جێبەجێکردنی ئەو بریارە کارێکی زۆر باشە و کاریگەری گەورەی لەسەر باری گوزەرانیان دەبێت”.