حەزدەکات لە سنە گۆرانی بڵێت
“کەسێ ئەهلى هونەر نەبێت نەخۆشە”؛ شەهێن تاڵەبانى بەرهەمى نوێى لەڕێیە
بڵند عەلى – لەندەن
خانمە هونەرمەندی دیاری کورد، شەهێن تاڵەبانی، پاش ماوەیەک لە دابڕان بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، مژدەی گەڕانەوە و بەرهەمی نوێ بە هەوادارانی دەدات و دەڵێت: “کەسێ ئەهلی هونەر نەبێت نەخۆشە”.
لە لێدوانێکدا بۆ 964، لە شاری لەندەنی بەریتانیاوە، شەهێن تاڵەبانی هۆکاری دوورکەوتنەوەی لە کاری هونەری ئاشکرا کرد و وتی: “ماوەیەک تەندروستیم باش نەبوو و ئازارێکی زۆرم کێشا، بۆیە دوورکەوتمەوە، بەڵام ئێستا بە ئەندازەی دوو سیدی بەرهەمی نوێم ئامادەیە.”
سەبارەت بەو هونەرمەندانەی کە گۆرانییە کۆنەکانی ئەو دەڵێنەوە، شەهێن تاڵەبانی هەڵوێستی خۆی روون کردەوە و وتی: “ئەوانەی گۆرانییەکانی من دەڵێنەوە، دیارە گۆرانییەکە، میلۆدییەکە و دەنگی منیان پێ خۆشە. ئەگەر بۆ خۆشەویستیی هونەر بیڵێنەوە دەستخۆشییان لێ دەکەم، بەڵام ئەگەر بۆ شتی تر و مەبەستی دیکە بێت، ئەوا قبوڵم نییە.”
لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی ئەوەی جوانترین گۆرانیی خۆی کامەیە، ئەو خانمە هونەرمەندە پێی وایە بڕیاردان لەسەر ئەوە لای جەماوەرە، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، دەزانێت خەڵک زۆر حەزیان لە گۆرانییەکانی “شارەکەم سنە”، “گەردوو تۆزەکە” و “ئامۆزا گیان”ـە. ئاشکراشی کرد کە ئاواتێکی گەورەی ئەوەیە گۆرانیی “شارەکەم سنە” لەناو خودی شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی دیکە تۆمار بکاتەوە.
لەبارەى ئەنجامدانى کۆنسێرتن وتى، “ئەگەر بە فەرمی پەیوەندیم پێوە بکرێت و داوام لێ بکرێت، ئامادەم کۆنسێرت ساز بکەم، چ لە وڵاتانی ئەوروپا بێت یان لە کوردستان.”
پێداچوونەوە: وریا فەتاح