"کارمەندی تەندروستییە"
لە رووداوێکی هاتوچۆدا حەوت کەس بریندارن و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە
964+
محەمەد عومەر – هەڵەبجە
دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەسەر رێگەی بیارە بۆ خورماڵ، لە رووداوێکی هاتوچۆ حەوت کەس بریندارن و کەسێکیش گیانی لەدەستداوە، هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت. ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە کارمەندی تەندروستییە.
شایەدحاڵێک بۆ 964 قسەیکرد دەڵێت، ئۆتۆمبێڵێکی تۆیۆتا فۆرچنەر بووە و سەرجەمی سەرنشینەکانی خەڵکی هەڵەبجەن، برینی یەکێکیان سەختە.
ئەنوەر قادر بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ی وت، رووداوەکە لەسەر رێگەی بیارە نزیک گوندی زەردەهاڵ بووە و ئۆتۆمبێلیکی جۆری تۆیۆتا فۆرچنەر بووە، بەهۆی ئەوەی کۆنتڕۆلی لەدەستداوە ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و شۆفێرەکە گیانی لەدەستداوە و 7حەوت کەسی دیکەش بریندار بوون.
بەوتەی ئەنوەر قادر ئەو هاوڵاتییەی گیانی لەدەستداوە، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان بووە لە تەندروستی هەڵەبجە.
هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، سێ کەسیان گواستراونەتەوە سلێمانی، لەناویاندا منداڵێک تەندروستی ناجێگیرە، ئەوای تر چارەسەری پێویستیان بۆکراوە و کێشەیان نیە، تەرمەکەش نێردراوە بۆ پزیشکی دادی لەهەڵەبجە.