میتی تورکی لە سلێمانی چی کردووە؟
964+
ژووری هەواڵ
ئەمە ئەو چەکدارەی پەکەکەیە کە میتی تورکی دەڵێت، لەناو سلێمانی کوشتمان، چی روویداو چۆن بوو؟ بۆ یەکەمجار 964 راستی ئەو چیرۆکە ئاشکرا دەکات.
رۆژی 23ی ئەم مانگە ئاژانسی ئانادۆڵۆی تورکی هەواڵی کوشتنی گەریلایەکی پەکەکەی بڵاوکردەوە، ئاژانسەکە زانیارییەکانی لە
دەزگای هەواڵگری تورکیاوە وەرگرتووە، دەڵێت، گەریلاکە ناوی بەکر کینایە و ناوە نهێنییەکەی باوەڕ بۆتانە، لە شاری سلێمانی مەشقی پێکراوە و ویستراوە بە رێگای قاچاغ رەوانەی تورکیا بکرێت بۆ تیرۆرکردنی چەکدارانی سوپای تورکیا، بەڵام پێش ئەوەی کارەکە بکات هەر لە سلێمانی میت کوشتوویەتی.
ئەمە هەمووی گێڕانەوەی لایەنی تورکییە، بەڵام ئاخۆ راستی چیرۆکەکە چییە؟
تیمی ساغکردنەوەی 964 کنەو پشکنینی کرد بۆ ئەم رووداوە، بەڵام هەموو بەڵگەکان دەڵێن هیچ شتێکی لەو شێوەیە لە سلێمانی رووینەداوە.
13 رۆژ پێش ئەوەی میدیاکانی تورکیا لەسەر ئەم رووداوە هیچ بڵێن ئاژانسی نوچەی فورات کە سەر بە هەپەگەیە بە ناو و وێنە و وردەکارییەوە زانیاری لەبارەی کوژرانی ئەو گەریلایە و گەریلایەکی دیکەیان بڵاوکردووەتەوە.
ئاژانسەکەی سەر بە پەکەکە دەڵێت، ”باوەڕ بۆتان لە هەرێمەکانی پاراستنی مادیا شەهید بووە”.
لە لای پەکەکە بەو شوێنانە دەوترێت ”هەرێمەکانی پاراستنی مادیا” کە لە باشووری کوردستانن و چەکدارەکانی ئەوان تیایاندا چالاکی ئەنجام دەدەن، بەتایبەتی ناوچەکانی قەندیل و ئاڤاشین و گارێ و خواکوڕک، واتە هیچ یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
بۆ راست و دروستی ئەم زانیارییە، 964 لە گەڵ زیاد لە سەرچاوەیەکی ئەمنی قسەی کرد، نە لە سلێمانی و نە لە هیچ یەکێک لە شارەکانی تری کوردستان هیچ کەسێکی پەکەکە بە دەستی میت لەو ماوەیەدا نەکوژراوە.
ئەو چەکدارەی پەکەکە رۆژی 6ـی ئاب لەشەڕێکدا کوژراوە، رۆژی 10ـی ئاب بە رەسمی لە لایەن ئاژانسەکانی سەر بە پەکەکەوە هەواڵی کوشتنەکەی راگەیەندراوە، رۆژی 13ـی ئاب بەخاکسپێردراوە، ئینجا رۆژی 23ـی مانگ ئەنادۆڵۆ باسی کوشتنی کردووە.
لە بەدواداچوونە وردەکەیدا، 964 لە رێی نامەوە دەمی گەیشت بە بەرپرسێکی ئاگاداری هەپەگە، ئەوەی لە زمانی خەڵکیدا بە پەکەکە ناوی دێت، ئەو سەرچاوەیەش زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە و وتی، ”خۆمان دوو هەفتە پێشتر هەواڵی شەهیدبوونی ئەو هەڤاڵەمان بڵاوکردەوە، وێنە و زانیارییەکان لەخۆمانەوە وەرگیراون، هەڤاڵ باوەڕ لە شەڕ و چالاکی سەربازیدا شەهید بووە، دوور و نزیک لە سلێمانی نەبووە و میتیش شەهیدی نەکردووە”.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، ”هەموو ئەوەی دەکرێت شەڕی دەروونییە دژی گەلی باشوور، بۆ ئەوەی کەس لە گیانی خۆی دڵنیا نەبێت”، پێشی وابوو بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە بەو شێوەیە وەک ئامادەسازییەک بووە بۆ هاتنی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر پێش ئەوەش بە چڕی لە پێنجوێن و گارا و برادۆست چەند هێرشێکی درۆنییان ئەنجامداوە.