لە پاڵەوانیەتی عەرەب یاریزانێکی کورد یەکەم بردنەوەی بەدەستهێنا


یادگار محەمەد – سلێمانی

پاڵەوانێکی کورد لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب یەکەم سەرکەوتنی بۆ هەڵبژاردەی عێراق تۆمارکرد.

هەڵبژاردەی موای تای عێراق بە 16 یاریزانەوە کە چواریان کوردن، لە وڵاتی لیبیا بەشداریکردووە لە پاڵەوانیەتی وڵاتانی عەرەب کە 23 هەڵبژاردە لەسەر ئاستی لاوان بەشدارن، لە قۆناغی یەکەمی پاڵەوانیەتییەکە، باڵا فەخری پاڵەوانی یانەی پێشمەرگەی سلێمانی لە کێشی 45 کیلۆگرامدا، توانی سەرکەوتنێکی گرینگ بەسەر حەسەن بولیەحیای مەغریبیدا تۆماربکات.

بەرهەم محەمەد راهێنەری یانەی پێشمەرگەی سلێمانی بە 964ـی وت، مانگی رابردوو باڵا لە شاری کەربەلا ئاستێکی بەرزی پێشکەشکرد و گەیشتە ریزی هەڵبژاردەی عێراق.

وتیشی، بۆ ئەم پاڵەوانیەتییە، باڵا فەخری زۆرباش ئامادەکاری کردووە و چاوەرێی ئەنجامی گەورەی لێدەکەن.

پاڵەوانیەتی موای تای وڵاتانی عەرەب بۆ ئاستی هەڵبژاردەکانی لاوان لە رۆژی 22ـی ئەم مانگە رکابەرییەکانی دەستیپێکردووە و تا رۆژی 27ـی مانگ بەردەوام دەبێت.