پردێ.. هاوڵاتیان باخچەی ساوایان بۆ منداڵەکانیان دروستدەکەن

+964

بەشی کوردی

دوای ساڵانێک لە جێهێشتن و پشتگوێخستنی، دانیشتووانی گەڕەکی کوردستان لە پردێ، بینای قوتابخانەیەکی تەواو نەکراو نۆژەن دەکەنەوەو دەیکەنە باخچەی ساوایان.

+964 دەزانێت، بینای ئەو قوتابخانەیە لەدوای رووخانی بەعس لەلایەن هێزی ئەمریکیەکان دروستکرا، بەڵام تەواویان نەکرد، دوای هاتنی داعش لە ساڵی ٢٠١٤، ئەو بینایە بووە پەناگەی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق و چەند مانگێک بەکاریان هێنا..

سدیق محەمەد، یەکێکە لەو کەسانەیە کە دەستپێشخەری بۆ نۆژەنکردنەوەو گۆڕینی ئەو باڵەخانەیە کردووە بۆ باخچەی ساوایان، بە 964+ـی وت “گەڕەکەکەمان باخچەی ساوایانی تێدا نیە، ناچارین منداڵەکانمان لە باخچەی ساوایانی گەڕەکی دوور تۆمار بکەین، بۆیە بیرمان لەوە کردەوە کە نۆژەنی بکەینەوەو بیکەینە باخچەی ساوایان”.

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣، هێزە ئەمریکییەکان، باڵەخانەکەیان بۆ قوتابخانەیەکی سەرەتایی دروستکرد، بەڵام بەتەواو نەکراوی جێیانهێشت، دوای ساڵی ٢٠١٤، ئاوارەکانی لێ نیشتەجێ بوون، بەڵام چەند رۆژێکی تر ئەو باڵەخانەیە کە بڕیاربوو بکرێتە قوتابخانەیەکی سەرەتایی، وەک باخچەی ساوایان بەڕووی منداڵانی گەڕەکی کوردستان دەکرێتەوە.

گەڕەکی کوردستان، کە پێش رووخانی بەعش ناوی گەڕەکی تسعین بوو، یەکێکە لە گەڕەکانی ناحیەی پردێ و دانیشتووانەکەی لە کوردو عەرەب و توکمان پێکدێت، دەکەوێتە ڕۆژئاوای ناحیەکە. پردێ، وەک ناحیە سەر بە پارێزگای کەرکوکەو دەکەوێتە باکوری ئەو شارە.

سدیق محەمەد، ئەوەشی وت “لەگەڵ خەڵکی گەڕەک بڕیارمان دا، باڵەخانەکە بە پارەی خۆمان نۆژەن بکەینەوە، ئەوەمان کرد و چەند رۆژێکی تر ئامادە دەبێت بۆ پێشوازی لە منداڵان”.

عەزیز ڕەشید، ماڵەکەی بەتەنیشت باڵەخانەکەوەیە، سەرپەرشتیکردنی نۆژەنکردنەوەکەی لەئەستۆ گرتووە، بە +964 ی وت “لە کۆتایی کارەکانی نۆژەنکردنەوەداین، کەمتر لە دە ڕۆژی تر ئامادە دەبێت بۆ پێشوازیکردنی منداڵانی ناوچەکە”.