فه‌تاتی كه‌ركوك بووه‌ پاڵه‌وانی عێراق

964+
كاروان ساڵحی

یانه‌ی فەتاتی كەركوك بووە پاڵەوانی یانە پلە نایابەكانی عیراق لە یاریی تۆپی دەستی كچان، به‌مه‌ش نوێنەرایەتی عیراق دەكات لە پاڵەوانیه‌تیی تۆپی دەستی عەرەب، كە بڕیارە له‌ تونس بەڕێوەبچێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە لە یارییەكی پڕ لە جۆش و خرۆشدا و بە ئامادەبونی هاندەرێكی زۆر، هەردوو یانەی هەولێر و فەتاتی كەركوك لە هۆڵی گەنجانی كەركوك بەیەك گەیشتن، یارییەكەش بە ئەنجامی 28-25 گۆڵ لە بەرژەوەندیی یانەی فەتاتی كەركوك كۆتاییهات.

دلاران قاسم یاریدەدەری راهێنەری یانەی فەتاتی كەركوك بە 964 ی وت، تیپە بەشداربووەكانی پاڵەوانیه‌تییه‌كە ئاستێكی زۆر بەرزیان هەبوو، یاریی كۆتاییش به‌ جیاوازی سێ گۆڵ یه‌كلابووه‌وه‌.

زەینەب سەعدون سەرۆكی یانەی فەتاتی كەركوك بە 964 ی وت، دوای چەند مانگێك لە خۆئامادەكردن بۆ پاڵەوانیه‌تییه‌كە و هێنانی چەند یاریزانێكی پیشەگه‌ر بۆ ریزە یانەكەمان، سوپاس بۆ خوا توانیمان بەرهەمەكەی بەدەست بهێنین.

وتیشی، بووینه‌ پاڵەوانی خولی پلە نایابی عێراق لە تۆپی دەست و هەروەها نوێنەرایەتیی هه‌ڵبژارده‌ی عێراق ده‌كەین لە پاڵەوانیه‌تیی هەڵبژاردەكانی عەرەب، كە بڕیارە مانگی تشرینی دووەم لە وڵاتی تونس بەڕێوەبچێت.

یارییەكانی خولی پلە نایابی عێراق بۆ تۆپی دەستی كچان بە بەشداری هەریەك لە یانەكانی فەتاتی كەركوك، هەولێر، رافیدەین، ئافرەتانی هەولێر، تەڵەبە و شارەبان بۆ ماوەی هەفتەیەك لە شاری كەركوك بەڕێوەچوو .

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا