عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق
شەش پێشمەرگە شەهید بوون
بەبێ ناوهێنانی ئێران؛ سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەى بۆردومانەکەی سەر پێشمەرگە دەکات
وریا فەتاح
سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، بە توندی سەرکۆنە و ئیدانەی ئەو بۆردومانەی کرد کە هێزەکانی پێشمەرگەی لە سنووری قەزای سۆران کردە ئامانج، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
سەرەڕای ئەوەی حکومەتى هەرێم ئاشکراى کرد کە هێرشەکە لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە ئەنجامدراوە، بەڵام لە بەیاننامەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا بە هیچ شێوەیەک ناوی “ئێران” وەک لایەنی هێرشبەر نەهێنراوە و تەنها بە دەستەواژەی گشتی وەک “ئەو بۆردومانە” و “دەستدرێژی” ناوى بردووە.
لە بەیاننامەکەدا، سەرۆکایەتی کۆمار وێڕای دەربڕینی هاوخەمی بۆ بنەماڵەی شەهیدان، جەختی لەوە کردووەتەوە کە “هێزەکانی پێشمەرگە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی سیستمی بەرگریی وڵاتن و ڕۆڵی باڵایان هەبووە لە تێکشکاندنی تیرۆر و پاراستنی سەقامگیری.”
سەرۆکایەتی کۆمار لە پەیامەکەیدا داوای رێزگرتن لە سەروەریی خاکی عێراقی کردووە و رایگەیاندووە کە پێویستە هەموو جۆرە دەستدرێژییەک بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان ڕەت بکرێتەوە، هەروەها جەختی لە گرنگیی هەماهەنگی نێوان هێزە نیشتمانییەکان کردووەتەوە بۆ پاراستنی خوێنی هاوڵاتیان و ئاسایشی وڵات.