ئیتر تانجەرۆ نەما بوو بە عەربەت

964+

پێشەوا محەمەد

ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەنگی لەسەر گۆڕینی ناوی ناحیەی تانجەرۆ بۆ عەربەت دا.

ئەنجومەنەکە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 23.8.2023 لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بڕیارەکەی داوە.

بارزان حامید، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، گۆڕینی ناوی ناحیەی تانجەرۆ بۆ عەربەت لەسەر داوای ناحییەی عەربەت بووە و نووسراویان بۆ ئەنجومەن کردبوو.

پێشتر دابان محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی عەربەت بە 964ـی راگەیاندبوو، لە کۆی 26 فەرمانگەی حکومی ناحیەکەیان تەنیا پێنج دانەیان ناویان تانجەرۆیە، بۆیە ویوتوویانە لە سەرجەم فەرمانگە و نووسراوەکان و تەنانەت مامەڵەکانیشدا، ئیتر بە ناوی عەربەتەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن.

ناحیەی عەربەت لە رووی کارگێڕییەوە سەر بە قەزای ناوەندی پارێزگای سلێمانییە و نزیکەی 19 کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری سلێمانییەوە دوورە و دەکەوێتە باشووری سەنتەری پارێزگاکە.