بیناى دوو قوتابخانه‌ 10 ساڵە بە تەواونەکراوی جێهێڵدراوه‌

964+

هۆگر عەدنان – چەمچەماڵ

ماوه‌ى 10 ساڵه‌، بیناى دوو قوتابخانه‌ له‌ سنوورى چه‌مچه‌ماڵ به‌ ته‌واونه‌كراوه‌یی به‌جێهێڵدراون، په‌روه‌رده‌ى ئه‌و قه‌زایه‌ش به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى قوتابییه‌كانى، پێویستى به‌ بیناى زیاتره‌.

لە ساڵی 2014 ـه‌وه‌ کارکردن لەو دوو قوتابخانەیه‌ راگیراوە و له‌كاتێكدا زیاتر له‌ 80% کارەکانیشیان ته‌واوكراون.

یەکێک لە قوتابخانەکان لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵە و ئەوی دیکەشیان لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەنده‌ و هه‌ردووكیشیان قوتابخانەکان 24 پۆلین.

مامۆستا عەبدوڵا حەمە، بەڕێوه‌بەری پەروەردەی چەمچەماڵ بە 964ـى وت، زۆر پێویستە ئەو دوو قوتابخانەیە تەواو بکرێن، چونكه‌ ده‌ڵێت “گەر بەم شێوەیەی ئێستا بمێننەوە، بە تەواوی بەرەو داڕوخان دەچن”.

ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات، زۆربەی پێداویستیەکانی پێویستیان به‌ جارێکی دیکە نۆژەنکردنەوە هه‌یه‌، بەشێک لەپەنجەرە و شوشە و پلاک و پێداویستیەکانیشیان شکێندراون.

بەڕێوه‌بەری پەروەردەی چەمچەماڵ جه‌خت له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وان به‌هۆى زۆرى ژماره‌ى قوتابیان پێویستیان به‌ 10 بینای دیکەیه‌.

به‌پێی ئاماره‌كانى پەروەردەی چەمچەماڵ، له‌ سنووره‌كه‌یاندا 54 هه‌زار و 200 قوتابی هه‌ن، 193 بینای قوتابخانە و باخچەی ساوایان و پیشەیی و بازرگانیشی لێیه‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن