جارێکی دیکە هەولێر بە جەوییە دۆڕا

964+

هێژا خەسرەو- هەولێر

تازەپێگەیشتووانی یانەه هەولێر لە یاریگەی خۆیدا تووشی شکست بوون، بەڵام هیوایان بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو زۆرە.

لە گەڕی نۆیەمی خولی نایابی عێراقدا بۆ تازە پێگەیشتووان، یانەی هەولێر لە یاریگەی دووەمی فرانسۆ هەریری تایبەت بە خۆی، بەرامبەر یانەی قوەی جەوییە یاریی کرد و یارییەکەی بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر بە چوار گۆڵ پێ دۆڕاند.

لە یارییەکەدا هەردوو یانە بە دوو گۆڵ بەرامبەر بوون تا چەند خولەکێک پێش تەواوبوونی یارییەکە، بەڵام یانەی هەولێر دوو یاریزانی بە کارتی سوور کرابوونە دەرەوە، ئەمەش وایکرد لە دوا خولەکەکانی یارییەکەدا دوو گۆڵی دیکەیان لێبکرێت و لە یارییەکەدا شکست بێنن.

یارییەکە کۆتاییهات و سەردار فارسی راهێنەری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بە 964ـی وت: یاریزانەکانمان کەمئەزموونن، ئەوەی بووە هۆکاری دۆڕانمان لە یارییەکەدا دەرکردنی دوو یاریزانمان بوو، لەگەڵ ئەوەشدا دوو هەڵەمان کرد بە هۆیەوە دوو گۆڵمان لێکرا.

ئێستا تازەپێگەیشتووانی هەولێر دوو یارییان ماوە، لەم دوو یارییەدا تەنیا پێویستیان بە یەکسانبوونێکە بۆ ئەوەی بگەنە قۆناخی داهاتوو.

جێی ئاماژەیە سەرەتای ئەم مانگە لە یاریی کۆتایی جامی عێراق، لە بەغدا یانەی هەولێر بە گۆڵێکی بێ بەرامبەر بە یانەی جەوییە دۆڕا  و نازناوەکەی نەبردەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا