لە ئەڵڵایی داوا دەکرێت جیاوازی لە قیرکردنی کۆڵانەکاندا نەکرێت

پێشەوا محەمەد

دانیشتوانی ژمارەیەک گەڕەکی شارۆچکەی ئەڵڵایی چوونەتە لای شارەوانی و داوا دەکەن جیاوازی لە قیرکردنی گەڕەکەکاندا نەکرێت.

ئەو سەردانە دوای ئەوە هات کۆمپانیای جێبەجێکار لە هەندێ لە کۆڵانەکاندا دەستی بە کار کردووە و لە هەندێکی تریشیاندا کار ناکرێت، ئەوە بە قسەی ئیسماعیل رەسوڵ، یەکێک لە دانیشتوانی شارۆچکەکە، کە قسەی بۆ 964 کردووە.

بەڵام شارەوانیی شارەکە دەڵێت، هێشتا روون نەبووەتەوە کارەکە چۆن دەبێت.

“ئێستا سەرقاڵی رووپێوین و ئەو هاوڵاتیانە خۆیان ئەو دەنگۆیەیان دروست کردووە و تا ئێستا بە تەواوی روون نییە و چاوەڕێی کۆمپانیای جێبەجێکارین روونکردنەوەمان لەسەر قیرکردنەکە بداتێ چۆن دەبێت”، ئەوە قسەی هێرۆ تاهیر، سەرۆکی شارەوانیی ئەڵڵاییە بۆ 964.

964 دەزانێت، بڕی یەک ملیار دینار بۆ قیرتاوکردنی گەڕەکەکانی ئەو شارۆچکەیە تەرخان کراوە.

شارۆچکەی ئەڵڵایی کەوتووەتە قەزای بازیانەوە لە پارێزگای سلێمانی.