ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە خراپی کارەبای هەولێر دەکۆڵێتەوە

964+

فەرمان سادق

لەسەر خراپی رەوشی کارەبا و گرانی نرخەکەی، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بانگهێشتی بەڕێوەبەری گشتی کارەبا و سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەکان دەکات.

بەپێی بەدواداچوونێکی 964، بە تێکڕا کارەبای نیشتمانی لە رۆژێکدا بەرزترینی دەگاتە 10 کاتژمێر، لە هەندێک شوێن کاتژمێرەکانی کارەبا لەوە کەمترە.

بەپێی ئامارەکانی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلیەکان بێت، لە مانگی تەمووزی رابردوو بە تێکڕا هەر مۆلیدەیەک 315 کاتژمێر لە 30 رۆژدا کاری کردووە، کە دەکاتە سەرووی 11 کاتژمێر.

کەمال عەساف، بەڕێوەبەری کارەبای دووی هەولێر بە 964ـی وت، پشکی هەولێر لە کارەبای نیشتمانی لەنێوان 950 بۆ 1050 مێگاوات کارەبایە لە کۆی سەرووی 3500 مێگاوات کارەبای بەرهەمهاتوو لە کوردستان، بەڵام لەم بڕەدا تاوەکو 350 مێگاوات کارەبا لە فیدەرێکی تایبەت بۆ فەرمانگەکان و وەزارەتەکان و سێ سەرۆکایەتییەکە و بیرەکانی ئاو دابینکراوە کە دەکاتە سەرووی 35%ـی بڕی ئەو بەشە کارەبایەی بۆ هەولێر دابینکراوە، ئەمەش لە پشکی هاوبەشان کەم دەبێتەوە.

دەشڵێت: چارەسەری کێشەی کارەبا پێویستی بە بودجە هەیە بۆ کڕینی غاز بۆ یەکەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا، چونکە ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە کوردستان سەرووی شەش هەزار مێگاوات کارەبایە کە بەشی ئەوە دەکات کارەبای کوردستانی پێ بکرێتە 24 کاتژمێری.

کەمال عەساف وتیشی “هەولێر ئەگەر 2400 مێگاوات کارەبای بۆ دابین بکرێت، ئەوا دەتوانین کارەبای 24 کاتژمێری بە هاوبەشان بدەین”.

ئەو قسانەی کەمال عەساف لە کاتێکدایە کارنامەی دانیشتنی سبەی چوارشەممە 23.8.2023ـی ئەنجومەنی پارێزگاکانی کوردستان، تایبەتکراوە بە پرسی خراپی کارەبای هەولێر.

بەپێی کارنامەکە بێت، هۆکاری کەمی پێدانی کارەبا بە دانیشتووانی هەولێر و گرانی نرخی کارەبای پریپەید رووبەڕووی بەڕێوەبەری گشتی کارەبای هەولێر دەکرێتەوە.

لە بڕگەیەکی تریشدا پرسی کێشە و گرفتەکانی مۆلیدە ئەهلییەکان رووبەڕووی سەرۆکی لیژنەی بەدواداچوونی مۆلیدە ئەهلییەکان دەکرێتەوە.

ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لە خراپی کارەبای هەولێر دەکۆڵێتەوە