وەزیری نەوتی عێراق بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێم لە ئەنقەرەیە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
وەزیری نەوتی عێراق بە سەردانێکی فەرمی لە ئەنقەرەیە و لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ دەکات لەبارەی دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان، کە ماوەی نزیکەی پێنج مانگە راگیراوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت لە رۆژی دووشەممەوە گەیشتووەتە تورکیا و دوو رۆژ لەو وڵاتە دەمێنێتەوە.
ھاوکات باڵیۆزخانەی عێراق لە ئەنقەرە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، وەزیری نەوت لەسەردانەکەیدا، گفتوگۆ دەکات لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان و فراوانکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکان لە بواری نەوت و غاز و وزە.
دەشڵێت، حەیان عەبدولغەنی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێم لە رێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا تاوتوێ دەکات.
لە راگەیەندراوەکەدا، ئەوەش خراوەتەڕوو کە وەزیری نەوت لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ فاتیح دۆنمەز وەزیری وزە و سامانە سروشتییەکانی تورکیا و ژمارەیەک لێپرسراوانی دیکەی تورکیا کۆدەبێتەوە.
لە رێکەوتی 25.3.2023، دوای یەکلاییبوونەوەی سکاڵایەک لە دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق، ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا راگیرا.