"هێلکەی شکاو بە 1500 دینار"

لە بازاڕی شێخەڵا تا هێلکە گەورەتر بێ نرخەکەی گرانترە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر نرخی هێلکە بەپێی قەبارەی هێلکەکە دەگۆڕێت و تا هێلکەکە گەورەتر بێت نرخەکەی زیاترە و هێلکەی شکاویش دەفرۆشرێ.

پەیامنێری 964 رۆیشتووەتە بازاڕەکە و لە سەر مێزێک چەند تەبەقێکی هێلکە دانران، کە هەر یەکەیان قەبارەیەکی جیاوازی هێلکەی تێدایە و دانەیەکیان کە هێلکەکانی گەورەن لەسەری نووسراوە 4000 دینار و بەتەنیشتییەوە تەبەقێکی دیکەی هێلکە هەیە کە قەبارەکەیان ئاساییە و بچوکترن لەوانی پێشوو بە سێ هەزار و 500 دینارە، هێلکەی زۆر بچووکیش لە تەبەقەیەکی دیکەدا دانراون و لەسەریان نووسراوە 2000 دینار، لە هەمووشی سەیرتر ئەوەیە تەبەقەیەک هێلکەی شکاویش دانراوە و نرخەکەیشی هەزار و 500 دینارە بۆ تەبەقەیەک، بە وتەی دوکاندارەکە راستە هێلکەکان شکاون بەڵام هێشتا دەتوانرێ سوودیان لێ ببینرێ و پیس نەبوون.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر